بەهای دۆلاری ئەمریکا لە بازاڕی دراوی ئێران بەیانیی ئەمڕۆش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد و گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژووی ئێراندا
بەیانیی ڕۆژی دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهای 1 دۆلار لە بازاڕی دراوی ئێران گەیشتە 131 هەزار و 200 تمەن. هاوکاتیش بەهای یەک یۆرۆ گەیشتە سەرووی 154 هەزار تمەن.
دابەزینی بەهای دراوی ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی پێ کردووە و لە ماوەی دوو حەفتەدا دراوی ئەم وڵاتە زیاتر لە 20٪ی بەهای خۆی لەدەست داوە.
لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد تڕەمپدا، کاتێک سزاکانی ئەمریکا بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بۆ گفتوگۆ لە ڕێگەی سنووردارکردنی هەناردەی نەوت و دەستگەیشتن بە دراوی بیانی سەپێنرانەوە، بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی نزیکەی ٤٢ هەزار تمەن بوو.
بانکی جیهانی مەزەندەی کردووە کە ئابووریی ئەم وڵاتە لەمساڵدا نزیکەی ٢٪ بچووک بووبێتەوە. هەروەها دامەزراوەیە پێشبینی کردووە لە ساڵی ٢٠٢٦دا، ئابووریی ئێران نزیکەی ٣٪ی دیکەش بچووک ببێتەوە.
مەترسیی داتەپینی ئابووری بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئێران قووڵتر بووەتەوە. ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانەی ئەم دواییەی بە نزیکەی ٤٩٪ ڕاگەیاندووە، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی ٤٠ مانگی ڕابردوودا.
سزاکانی ئەمریکا کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد تڕەمپەوە دەستیان پێ کرد، لەگەڵ هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا لە کۆتایی بەهار و سەرەتای هاوینی ئەمساڵدا، هەروەها کەمبوونەوەی فرۆشی نەوت و گەڕانەوەی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هۆکارەکانی بەردەوامیی ناسەقامگیری لە بازاڕی دراو و دابەزینی بەردەوامی بەهای ڕیاڵ دادەنرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.