هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتییان و شوفێران كە لە كاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە تەمومژ دروست دەبێت، هەروەها سبەی دووشەممە سەرمایەكی بەتین روو لە هەرێمی كوردستان دەكات بەشێوەیك كە پلەكانی گەرما بۆ ژێر پلەی سفڕی سیلیزی دادەبەزن.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایگەیاند: ئەمشەو لە کاتژمێر 12 بەدواوە بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەرزی شێی ڕێژەیی لە هەوا، لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی دهۆک و مووسڵ و هەولێر و کەرکووک و سۆران و سلێمانی و ڕاپەڕین و هەڵەبجە و بەشێک لە ناوچەکانی گەرمیان، ئەگەری ڕوودانی دیاردەی تەمومژ هەیە .
راشیگەیاند: لە ئێوارەی سبەی دووشەممەوە بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری باراناوی لە سیبیریاوه ڕوو لە وڵاتانی ناوچەكە و هەرێمی کوردستان و عێراق دەكات.
گوتیشی: بەهۆی ئەم بارستە هەوایە ساردەوە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە نمەباران بۆ بارانی مامناوەند دەبارێت و لە هەندێك شوێن هەورەبروسکەشی لەگەڵدا دەبێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
هەروەها رایگەیاند: لەم ماوەیەدا بەتایبەت لە كاتەكانی شەواندا پلەکانی گەرما ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکەن بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان دەگاتە خوار سفڕی سیلیزی.
شارەزاكەی كەشناسی ئاماژەی بەوەش دا كە ئەم شەپۆڵە هەوا ساردە تاكو رۆژی هەینی داهاتوو بەردەوامی دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.