ئەمڕۆ شەممە 13ـی کانوونی یەکەم، وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا ڕایگەیاند: سێ هاووڵاتی ئەمریکی کوژراون کە دووانیان سەرباز و یەکێکیان وەرگێڕی مەدەنی بووە، هاوکات سێ کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆسەیەکدا کە چەکدارێکی داعش لە شاری تەدموری سووریا نایبووەوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "دوو کارمەندی سەربازیی ئەمریکی و مەدەنییەکی ئەمریکی کوژران و سێی دیکەش برینداربوون، دوای ئەوەی چەکدارێکی تەنهای سەر بە ڕێکخراوی داعش لە سووریا بۆسەی بۆ دانان". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕووبەڕووی چەکدارەکە بوونەتەوە و کوشتوویانە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "لەبەر ڕێزگرتن لە خێزانی قوربانییەکان و بەپێی سیاسەتی وەزارەتی بەرگری، ناسنامەی سەربازەکان ئاشکرا ناکرێت تا 24 کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی کەسوکاریان تێپەڕ دەبێت". وەزارەتەکە جەختیشی کردەوە کە هەرکات زانیاری زیاتر بەدەست بگات، بڵاوی دەکەنەوە.
پێشتریش ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە کە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی و سووری ئەمڕۆ برینداربوون بەهۆی تەقەکردن لە شاندێکی سەربازیی هاوبەش لە شاری تەدمور لە ناوەڕاستی سووریا، و پشتڕاستی کردەوە کە "تەقەکەرەکە" لە کاتی هێرشەکەدا کوژراوە.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی سەربازی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، تەقەکردنەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ئەفسەرانی سووریا و ئەمریکا لە ناو بارەگایەکی سەر بە ئاسایشی سووریا لەو شارە مێژووییە کۆبووبوونەوە، و کۆپتەرە ئەمریکییەکان دەستوەردانیان کردووە بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ بنکەی تەنەف کە هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیرن.
ئەم ڕووداوە بە یەکەمین حاڵەتی لەو شێوەیە دادەنرێت لەوەتەی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتی "دەستەی تەحریری شام" بەر لە ساڵێک گەیشتوونەتە دەسەڵات، بەتایبەتی کە ئەو گرووپانە لە مانگەکانی ڕابردوودا هەنگاوی نزیکبوونەوەیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان گرتووەتەبەر.
بەپێی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی ڕوونی ئەمریکادایە بۆ بەهێزکردنی بوون و مانەوەیان لە قوڵایی بیابانی سووریا، و هاوکاتە لەگەڵ پەیوەستبوونی فەرمی دیمەشق بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە کاتی سەردانی "ئەحمەد شەرع"، سەرۆکی کاتیی سووریا بۆ واشنتۆن لە مانگی ڕابردوودا.
جێی ئاماژەیە شاری تەدمور پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوو کە شوێنەوارە مێژووییەکانی وێران کرد و چەندین کەسی لە سێدارە دا، پێش ئەوەی لە ساڵی 2019 کۆنترۆڵی لەدەست بدات، هەرچەندە شانە نووستووەکانیان هێشتا هێرشی پچڕپچڕ لە بیابانی سووریا ئەنجام دەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.