بەفەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرجەم ئەو قوتابخانانەی لە چەمچەماڵ و ناوچەكانی دیكە كە بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێ گەیشتووە، نۆژەن دەكرێنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانێكی مەیدانی ئەو قوتابخانانەی كرد كە لە چەمچەماڵ لافاو زیانی پێگەیاندوون.
دواتر وەزیری پەروەردە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوتابخانەكانی چەمچەماڵ و ناوچەكانی دیكە نۆژەن دەكرێنەوە كە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە.
راشیگەیاند: نۆژەنكردنەوەكەش لە زووترین كاتدا و لە هەفتەی داهاتووەوە دەست پێ دەكات.
وەزیری پەروەردە هەروەها رایگەیاند: پارەی پێویست دەخەینە بەر دەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ ئەوەی بە زوویی بەگوێرەی ئەو دەرخستانەی كە تیمی ئەندازیاری دەیكەن، دەست بكەن بە نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانەی كە زیانیان پێگەیشتووە.
ئالان حەمەسەعید گوتیشی: جگە لە نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان، كەلوپەل و پێداویستیش بۆ ئەو قوتابخانە و ناوەندانەی خوێندن دابین دەكەین كە لافاو زیانی پێگەیاندوون.
ئاماژەی بەوەش دا: ژمارەیەك لە قوتابییان چ لە قوتابخانە و چ لە ماڵەكانیان زیان بە كتێبەكانیان گەیشتووە، بەشێوەیەكی خێرا كتێبی نوێ بۆ ئەو قوتابییانەش دابین دەكەین.
سەبارەت بە تاقیكردنەوەكانیش، وەزیری پەروەردە رایگەیاند: بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی رۆژی 11ی مانگی داهاتووی دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوە لە قوتابخانەكانی چەمچەماڵ و هەموو ئەو شوێنانەی لافاو زیانی پێ گەیاندوون.
بۆ پۆلە كۆتاكان ئەوانەی تاقیكردنەوەی نیشتمانییان هەیە وەك پۆلی 9 و 12، ئالان حەمەسەعید گوتی كە دەسەڵات بە قوتابخانەكان دەدرێت بۆ ئەوەی یەك دوو هەفتەی دوای سەری ساڵ رۆژانی شەممە بەكاربهێنن بۆ ئەوەی قەرەبووی ماوەی پشووەكان بكرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.