وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، عومرەکارێکی کورد لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد و بڕیارە هەر لەوێ بەخاک بسپێردرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2025، کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند، عومرەکارێک بە ناوی "مەجید ئەحمەد عەبدوڵڵا" لە شاری مەککەی سعودیە کۆچی دوایی کرد.
ستونی ئاماژەی بەوە دا، ئەو عومرەکارە خەڵکی شاری دهۆک و تەمەنی لە سەرووی 64 ساڵ بوو، بڕیاریش دراوە هەر لە شاری مەککە بەخاک بسپێردرێت.
سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی، وتەبێژی حەج و عومرە ڕوونی کردەوە کە بە وتەی کەسوکارهکەی کە لە سەفەرەکەدا لەگەڵیدا بوون، ناوبراو پێشتر لە کوردستان نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بۆ ئەنجام درابوو و تەندروستیی جێگیر بوو، بەڵام دوای گەیشتنی بە شاری مەککە تووشی جەڵتەی دڵ بوو و دوای 7 کاتژمێر مانەوە لە نەخۆشخانە، کۆچی دوایی کرد.
کاروان ستونی وێڕای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشیی وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە بە کەسوکاری کۆچکردوو، ئاشکرای کرد کە ئەمە 12ـەمین عومرەکاری هەرێمی کوردستان بوو کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سعودیە کۆچی دوایی کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.