ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) دواین ئاماری فەرمیی زیانەکانی شەپۆلی بەهێزی بارانبارینی ڕۆژانی 8 و 9ی کانوونی یەکەمی 2025ـی بڵاو کردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و کەرکووک زیانی گیانی و ماددی زۆر کەوتووەتەوە و پردی ستراتیژی و ڕێگەی سەرەکی داڕماون.
سلێمانی و چەمچەماڵ؛ زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕۆژی سێشەممە (9/12/2025) بارانێکی بەلێزمە پارێزگای سلێمانیی گرتووەتەوە و بڕی دابارین گەیشتووەتە (122.7) ملم، ئەمەش بووەتە هۆی ژێرئاوکەوتنی چەندین ماڵ و قوتابخانە لە گەڕەکی ڕاپەڕین.
دۆخەکە لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش سەختتر بووە، بەجۆرێک لە تەکیە (173.5) ملم باران باریوە. زیانەکان بەم شێوەیەن:
• 2 کەس گیانیان لەدەست داوە و 12 کەس بریندارن، کەسێکیش بێسەروشوێنە.
• 500 ماڵ لە چەمچەماڵ و ژمارەیەک ماڵ لە بازیان و سلێمانی زیانیان بەرکەوتووە.
• دەیان ئۆتۆمبێل، 100 دووکان و کۆگا، 5 فەرمانگەی حکومی و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ و نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی ئاویان تێ چووە.
• ڕێگە سەرەکییەکانی (سلێمانی- چەمچەماڵ) و (کەرکووک – چەمچەماڵ) داخراون.
• تۆڕەکانی کارەبا و ئینتەرنێت پچڕاون.
گەرمیان؛ لافاو ڕێگەکان و پڕۆژە ئاوییەکانی وێران کردووە
لە ئیدارەی گەرمیان، بارانبارینی دوای نیوەڕۆی سێشەممە (76.6) ملم بووەتە هۆی لافاوێکی گەورە لە کەلار و ڕزگاری:
• ڕێگەی سەرەکیی نێوان کەلار-ڕزگاری و ڕێگەکانی دەرەوەی گەرمیان داخراون.
• بەشێکی پڕۆژەی ئاودێری سەلام (شادەماری ژیانی گەرمیان) لە هەوارە سوورە بەتەواوی ئاو بردوویەتی.
• پردی نێوان کفری و ڕزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا ڕووخاوە.
• زیان بە پڕۆژەکانی ماسی، خانووی پلاستیکی، مەڕوماڵات و سندووقی هەنگ کەوتووە.
کەرکووک؛ پردی داقووق داڕما و هاتوچۆی بەغدا پچڕا
لە پارێزگای کەرکووک زیانەکان کاریگەرن:
• پردێکی ستراتیژی لە قەزای داقووق داڕماوە، بەمەش هاتوچۆی نێوان کەرکووک و بەغدا پچڕاوە.
• منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵ لە گوندی فرقانی خنکاوە.
• لە گوندی بەیانلوو پردێک ئاو بردوویەتی و ڕێگەی کەرکووک-لەیلان داخراوە.
هەولێر؛ برینداربوونی پێشمەرگە و ڕاگرتنی پڕۆژەکانی ئاو
لە هەولێر زیانەکان کەمتر بوون، بەڵام کاریگەرییان هەبووە:
• بەهۆی هەورەبرووسکەوە ٦ پێشمەرگە لە سنووری بالیسان بریندار بوون.
• لە گوندی قەریتاغ ئاو چووەتە ناو ٦ ماڵەوە.
• بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە، پڕۆژەکانی ئاو لەسەر زێی گەورە بۆ ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێر ڕاگیراون و داوا لە هاووڵاتییان کراوە دەست بە ئاوەوە بگرن.
هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران و دهۆک
• هەڵەبجە: بڕی 92.5 ملم باران باریوە، پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە و ئاستی ئاوی سیروان بەرزبووەتەوە.
• ڕاپەڕین: ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزبووەتەوە و 3 ماڵ لە حاجی ئاوا زیانیان بەرکەوتووە. دەروازەی کێلی بەهۆی بەفرەوە داخراوە.
• سۆران: بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان باریوە، لە سیدەکان و چۆمان بەهۆی داڕمانی زەوی و بەردەوە زیان بە چەند خانویەک گەیشتووە.
• دهۆک و زاخۆ: بارانبارین مامناوەند بووە، تەنها لە زاخۆ ئاستی ئاوی خابوور بەرزبووەتەوە و لە گوندی کانی رەهال ڕێگەیەک ڕۆچووە.
ناوەندی JCC دووپاتی کردووەتەوە کە تیمەکانی فریاگوزاری، لە سەرجەم ناوچەکان، بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان، لە ئامادەباشیدان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.