لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لافاو لە سنووری ناحیەی لەیلان زیانی گیانی لێکەوتەوە و تەرمی کچە قوتابییەک لەژێر قوڕ و لیتەدا دەرهێنرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵۆ جەباری، پەیامنێری کوردستان تیڤی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی (فەرقان)ی سەر بە ناحیەی لەیلان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کەرکووک، کچە قوتابییەکی تەمەن 9 ساڵان بەناوی (بەیار عیسا) کە قوتابی پۆلی سێی بنەڕەتی بووە، بەر لێزمەی لافاو کەوتووە و بێسەرشوێن بووە. دوای گەڕانێکی زۆر، تیمەکان توانیان تەرمەکەی بدۆزنەوە.
بە گیانلەدەستدانی (بەیار)، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ سێ کەس بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر لە قەزای چەمچەماڵ دوو هاووڵاتی دیکە بوونە قوربانی.
لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین بەهۆی هاتنی شەپۆلی بارانبارین پشوویان راگەیاندووە، بەڵام پارێزگاری کەرکووک ئامادە نەبوو پشوو ڕابگەیەنێت و ئەم کارەساتەی لێ کەوتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.