Erbil 31°C پێنجشەممە 01 تشرینی یەکەم 19:23

دوای دوورخستنەوەی نەجم جبووری؛ بەربژێرێکی پارتی بە زیاتر لە ٢٤ هەزار دەنگ بووە یەکەمی نەینەوا

کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی دەستەی دادوەریی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بڕیاری دوورخستنەوەی "نەجم جبووری"ـی لە ئەندامێتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرکرد، گۆڕانکاری لە ریزبەندی دەنگەکانی پارێزگای نەینەوا دروست بوو و بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان چووە پێشەنگی ریزبەندییەکە.

بەپێی بڕیارەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووی دەستەی دادوەری، نەجم جبووری کە خاوەنی زۆرترین دەنگی پارێزگای نەینەوا بوو، دوورخرایەوە. بەمەش "نور خالید شاكر"، بەربژێری سەرکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی (24117) دەنگ، بووە یەکەمی سەر ئاستی پارێزگای نەینەوا.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هۆکاری دوورخستنەوەی جبووریی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ناوبراو رێکارەکانی "دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری" دەیگرێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئاراستەی دادگای فیدراڵی کردووە. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆن لە لێدوانێکی کورتدا جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی و فەرمیی ئەنجامەکانە.

ئەم پێشھاتانە دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک دێت بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق (کە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە چوو)، هەروەها دوای تەواوکردنی پرۆسەکانی وردبینی و ژماردن و یەکلاییکردنەوەی ئەو تانانەی لەلایەن قەوارە سیاسییەکانەوە پێشکەشی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان کرابوون.

ناردنی ئەنجامەکان بۆ دادگای فیدراڵی قۆناغی کۆتایی پرۆسەکەیە، کە تێیدا ئەنجامەکان دوای پەسەندکردنی دادگا سیفەتی یەکلاکەرەوە وەردەگرن، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکەن بۆ پێکهێنانی پەرلەمانی نوێ و دەستپێکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.