لە پارێزگای دهۆک خولی دوازدەیەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم بەڕێوە دەچێت، تێیدا زیاتر لە 100 فیلمی کوردی و بیانی نمایش دەکرێن و ئیسپانیاش وەک وڵاتی میوان بەشدارە.
ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، خولی دوازدەیەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک لە کاتژمێر 4:00ـی پاشنیوەڕۆ دەست پێ دەکات و چالاکییەکانی بۆ ماوەی 8 ڕۆژ بەردەوام دەبن، لە دەستپێکردنەوە تا کۆتایی لە لایەن "کوردستان تیڤی"یەوە ڕووماڵ دەکرێت.
لە خولی ئەمساڵدا، لە کۆی 800 فیلمی پێشکەشکراو، لیژنەی باڵای فێستیڤاڵ 110 فیلمیان بۆ بەشداریکردن لە کێبڕکێکان هەڵبژاردووە، لەو ژمارەیە 45 فیلمیان بەرهەمی کوردین و 65 فیلمەکەی دیکەش لە 37 وڵاتی جیاوازی جیهانەوە بەشدارن.
تەوەری سەرەکیی فێستیڤاڵی ئەمساڵ بریتییە لە "وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا"، ئەمەش بەهۆی گرنگیی ئەم بابەتە لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
شایانی باسە لەم خولەدا وڵاتی ئیسپانیا وەک وڵاتی میوان دیاری کراوە و بە 13 فیلم بەشداری دەکات. هاوکات بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی فێستیڤاڵەکە، زیاتر لە 100 گەنج وەک خۆبەخش بەشدارن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.