سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ژێرخانەکانی سەر بە حیزبوڵڵای لە چەندین ناوچەی باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج. سوپا دەڵێت هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵگەیەک کە حیزبوڵڵا بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی "یەکەی ڕەزوان" بەکاری دەهێنا.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا کە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 09ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاندووە چەندین بینای سەربازی و شوێنێکی هەڵدانی مووشەکی حیزبوڵڵایان بۆردومان کردووە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی سێشەممە چەندین هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی باشووری وڵات ئەنجام داوە. تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی کوژراو و بریندارانی ئەم هێرشانە بڵاو نەبووەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە یەک هەفتە دوای ئەوە دێت کە نوێنەرانی سیاسیی لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە ناوچەی 'ناقورە' لەسەر سنوور کۆبوونەوە؛ دیدارێک کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بووەوە.
هەرچەندە ئیسرائیل و لوبنان ساڵی ڕابردوو بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن، بەڵام هەردوولا بەردەوام یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.
سەرەڕای بوونی ئاگربەست، ئیسرائیل لە هەفتەکانی ڕابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان چڕتر کردووەتەوە و بەپێی ئامارەکان لە کاتی واژۆکردنی ئاگربەستەوە سەدان کەس لەو وڵاتە کوژراون.
یەکەی ڕەزوان چییە؟
ناوی ئەم گرووپە لە "عیماد موغنیە"، فەرماندەی گشتیی هێزی سەربازیی حیزبوڵڵاوە وەرگیراوە کە بە "حاج ڕەزوان" ناسرابوو. ناوبراو لە شوباتی ٢٠٠٨ لە تەقینەوەیەکدا لە دیمەشق کوژرا.
عیماد موغنیە پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس هەبوو و وەک دامەزرێنەری هێزەکانی "دەستێوەردانی خێرا" دەناسرا، کە دواتر ناوی ڕێکخراوەیی خۆی لەسەر ئەم گرووپە دانرا.
لە ساڵی ڕابردوودا میدیاکانی ئیسرائیل ڕاپۆرتی وردیان دەربارەی هێزە تایبەتەکانی ڕەزوانی حیزبوڵڵا بڵاوکردووەتەوە و وێنەیەکی مەترسیدار و نهێنییان لە توانای ئۆپەراسیۆنی ئەم هێزانە نیشان داوە. زۆرێک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی سەربازی پێیان وایە ئەرکی سەرەکیی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی هێزەکانی ڕەزوان لە ئەستۆی سوپای پاسدارانی ئێران بووە و فەیلەقی قودس و یەکەی تایبەتی "سابیرین" ڕۆڵی گرنگیان تێدا گێڕاوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.