ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا سەبارەت بە پلانی ئاشتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بەرەو لەندەن بەڕێ کەوت.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 8ی دیسەمبەری 2025، زێلێنسکی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا لەگەڵ هەریەک لە کیەر ستارمەر، ئیمانوێل ماکرۆن و فریدریش مێرتز کۆببێتەوە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە واشنتن لەگەڵ مارکۆ ڕوبیو، هاوتا ئەمریکییەکەی کۆدەبێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاندووە لەندەن و واشنتن پابەندبوونی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکرانیا نوێ دەکەنەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە "لەندەن پشتیوانی لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان شەوی یەکشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو شاندی دانوستانکاری ئۆکرانیا لە فلۆریدا بەرنامەی ئاشتییەکەی ئەوانی بەدڵ بووە، بەڵام "زێلێنسکی هێشتا پلانەکەی نەخوێندووەتەوە".
لەلایەکی دیکەوە، زێلێنسکی شەوی یەکشەممە لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا ئاشکرای کرد گفتوگۆکان لەگەڵ شاندی ئەمریکا "بەرهەمدار بەڵام سەخت و دژوار" بوون.
دوای 3 ڕۆژ لە دانوستان لە شاری مەیامی لە نێوان نوێنەرانی ئەمریکا و ئۆکرانیا، کیس کێلۆگ، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-ی ڕاگەیاند: "لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیکە، بەڵام هاوکاریی ڕووسیاش پێویستە".
پرسەکانی وەک کۆنترۆڵی ڕووسیا بەسەر هەرێمی دۆنباس و قەبارەی هێزە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لەو بابەتانەن کە هێشتا چارەسەر نەکراون. کێلۆگ دەڵێت: "ئەگەر ئەم دوو بابەتە چارەسەر بکرێن، ئەوانی دیکە تا ڕادەیەک ئاسانن. ئێمە نزیکین".
ئێستا ڕووسیا 85%ی خاکی دۆنباسی لەژێر دەستدایە و هۆشداری داوە ئەگەر ئۆکرانیا ئەو هەرێمە ڕادەستی کرێملین نەکات، ئەوا بە زەبری هێز دەست بەسەر ناوچەکەدا دەگرن.
سەرکردەکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا پێشتر ڕەخنەیان لە ڕەشنووسی سەرەتایی پلانی ئەمریکا هەبوو و پێیان وابوو لە بەرژەوەندیی ڕووسیایە. ئێستا کە پلانەکە بۆ ڕازیکردنی ئەورووپا و ئۆکرانیا دەستکاری کراوە، ئەمجارەیان ڕووسیا داوای گۆڕانکاریی تێدا دەکات.
بەپێی بەڵگەنامەی ستراتیژیی نوێی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕووسیا وەک هەڕەشە بۆ سەر ئەورووپا یان ئەمریکا ئەژمار ناکرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە "دانوستان بۆ ڕاگرتنی خێرای دوژمنایەتییەکان لە ئۆکرانیا" یەکێکە لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی واشنتن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.