ئهمرۆ شەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، بڕیار وایه ڕۆژی دووشەممە لە لەندەن لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کیێر ستارمەر و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فریدریش مێرز کۆببێتەوە و دانوستانە بەردەوامەکان لە چوارچێوەی نێوەندگیری ئەمریکا تاوتوێ بکەن.
ئەم ڕاگەیاندنەی ماکرۆن لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئۆکراینا و ئەمهریکا بۆ سێیەم ڕۆژ لە میامی دانوستانیان ئەنجامدا و تاوتوێی پلانێکیان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کیێڤ و مۆسکۆ کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.
ماکرۆن لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، سبەی دووشەممە گەشت بۆ لەندەن دەکەم و لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبمەوە، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و دانوستانە بەردەوامەکان لە چوارچێوەی نێوەندگیریی ئەمریکادا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەمریکییەکان بەردەوام دەبین لەم هەوڵانە بۆ دەستەبەرکردنی گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکراینا کە بەبێ ئەو گەرەنتییانە ئاشتییەکی بەهێز و بەردەوام نابێت.
ماکرۆن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دەبێت بەردەوام بین لە فشارخستنە سەر ڕووسیا بۆ ئەوەی ناچاری بکەین ئاشتی هەڵبژێرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.