Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 23:18

پزیشکێكی بەریتانی بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر 38 نەخۆش تۆمه‌تبار ده‌كرێت

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ داواکاری گشتی به‌ریتانیا رایگەیاند، پزیشکێکی پێشووی بەریتانی ڕووبەڕووی دەیان تۆمەت بووه‌ته‌وه‌ کە پەیوەندییان بە تاوانی سێکسی گوماناوییەوە هەیە بەرامبەر بە 38 نەخۆش کە لە ژێر چاودێری ئەودا بوونه‌، لەنێویاندا منداڵێکی خوار تەمەنی 13ساڵی هه‌یه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی جیهانی " فرانس پرێس" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، بێن سامپڵس داواکاری گشتی به‌ریتانیا رایگەیاندووه‌، ناتانیێل سپێنسەری تەمەن 38 ساڵ كه‌ خەڵکی شاری بیرمینگهامە بە  ژمارەیەک تاوانی سێکسی قورس دژی نەخۆشەکان لەکاتی کارکردنی وەک پزیشك لە ئینگلتەرا تۆمەتبار کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتەکان بریتین لە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵێک، تاوانی سێکسی لە دوو نەخۆشخانەی ویلایەتی ستۆک ئۆن ترێنت و دودلی لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021.

ئه‌و دادوه‌ره‌ بۆ میدیاكانی به‌ریتانیا ئاشكراشی كردووه‌: لێکۆڵینەوەیەکی ورد و ئاڵۆز لەلایەن پۆلیسی ستافۆردشایرەوە ئەنجامدراوە و بە وردی پێداچوونەوەیان بە بەڵگە بەردەستەکاندا کردووە و هه‌موو به‌ڵگه‌كان سه‌لمێنه‌ری راستییه‌كانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارانی گشتی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بەڵگەی پێویست هەیە بۆ ئەوەی دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا بکرێت و لە بەرژەوەندی گشتیدا ڕێوشوێنی یاسایی دژی پزیشكی تۆمه‌تبار ئەنجام بدرێت.

داواکاری گشتی و پۆلیس ته‌مه‌ن و ره‌گه‌ز و ناوی ئه‌و كه‌سانه‌یان ئاشكرا نه‌كردووه‌ كه‌ وه‌كو قوربانی ناویان له‌ دۆسیه‌ی تاوانی پزیشه‌كه‌كه‌دا هاتووه‌ .

بڕیارە سپێنسەری پزیشك  لە 20ی ئه‌م مانگه‌ لە دادگای ستافۆردشایر ئامادەبێت بۆ یەکەم دانیشتنی دۆسیەکەی.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.