Erbil 31°C چوارشەممە 10 حوزەیران 22:13

وڵاتێكی كیشوەری ئەوروپا بەدەست كێشەی كەمی پیاوان دەناڵێنێت

کوردستان TV
100%

وڵاتی لاتیڤیا كە دەكەوێتە سەر دەریای بالتیك لە كیشوەری ئەوروپا، یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی ئەو وڵاتە كەمی رێژەی پیاوە، بەگوێرەی داتایەك لە لاتیڤیا بەرامبەر هەر 7 پیاوێك 10 ئافرەت هەیە.

رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی راپۆرتێكی لەبارەی كەمی رێژەی پیاوان لە لاتیڤیا بڵاوكردۆتەوە و دەڵێت: بەشی زۆری ئافرەتانی لاتیڤیا بێ هاوسەرن و ناچارن بەتەنیا لە ماڵەوە ژیان بەسەر ببەن.

رێژەی گیانلەدەستدانی پیاوان لە تەمەنی گەنجێتیدا لە لاتیڤیا بەربڵاوە، زۆربەیان بەهۆی پەنابردنە بەر خواردنەوە بێهۆشكەرەكان و ماددەی هۆشبەر و هەروەها خەمۆكییەوە هەر لە تەمەنی گەنجیدا پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن.

رێژەی خۆكوشتنی پیاوان لە لاتیڤیا سێ هێندە زیاترە بەرامبەر بە ئافرەتان، هەروەها تەمەنی ئافرەتانیش 11 ساڵ زیاترە لە پیاوان، ئەمانە و چەندین هۆكاری دیكە وایان كردووە رێژەی ئافرەتان لە لاتیڤیا زیاتر بێت.

بەپێی دوایین ئامارەكان لە لاتیڤیا 80%ی ئەو كەسانەی لە ساڵی 2025 خۆیان كوشتووە لە رەگەزی پیاوانن.

لەبەرامبەریشدا حكوومەتی لاتیڤیا لە رێگەی چەند كۆمپانیایەك تاڕادەیەك كێشەی نەبوون پیاوانی بۆ ئافرەتە سەڵتەكان لە رووی كاروباری ناو ماڵەوە چارەسەر كردووە، بەتایبەتیش ئەو كارانەی كە لەناو ماڵدا زیاتر بە پیاوان دەكرێت وەك چاككردنەوەی كارەبا و ئاوەڕۆ و دانانی دیكۆراتی ماڵ و تەنانەت بەستنی كێبل و وایەری تەلەفزیۆنیش.  

ئەم كۆمپانیایانە لە ماوەی حەوت رۆژی هەفتەدا ئامادەن پیاوی دەست زێڕین رەوانەی هەموو ماڵێك بكەن بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشانەی رووبەڕووی ئافرەتانی سەڵت و تەنیاكان دەبنەوە.

شێوازی ژیان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.