Erbil 31°C چوارشەممە 30 ئەیلوول 13:35

روونكردنەوەیەك لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر بۆ مەڵبەندی سێی یەكێتی

کوردستان TV
100%

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر روونكردنەوەیەك سەبارەت بە وەڵامەكەی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەبارەی دەستگیركردنی تاوانبارانی ئاژاوەگێڕییەكەی گوندی لاجان بڵاو دەكاتەوە.

شەوی رابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دانپێدانانی یەكێك لە تۆمەتبارانی ئاژاوەگێڕییەكەی چەند رۆژی رابردووی گوندی لاجانی بڵاو كردەوە، دوای ئەمەش هەر شەوی رابردوو مەڵبەندی سێی یەكێتی لە هەولێر لە رێگەی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكدا دانپێدانانی تۆمەتبارەكەی رەتكردەوە.

بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ هەینی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر لە روونكردنەوەكەدا وەڵامی بەیاننامەكەی مەڵبەندی سێی یەكێتی دایەوە و رایگەیاند "ئەو کەسانەی دەستگیرکراون تۆمەتبارن، ئەگەر خۆتان بە هاوبەش لە کردەوەکانیان دەزانن ئەوە جێگەی نائومێدییە، وە ئەگەر تێوەنەگلاون سوپاسگوزاربن و بە جێبەجێکردنی یاسا شپڕزە مەبن".

دەقی ڕوونکردنەوەكەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر:-

مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر هەڕەمەکی دەستی بە ڕیزکردنی کۆمەڵێک ڕستەی بێ ناوەرۆک کردووە. دەمانەوێت دڵنیایان بکەینەوە کە بەتەواوی پشتگیریی سەروەریی یاسا و ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکەین. هەموو ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن، تەنها لە ڕێگای یاساوە چارەنووسی تۆمەتەکانیان دیاری دەکرێت و ڕێگا لە بەردەم هەر لیژنەیەکی نێودەوڵەتی (نوێنەرایەتیی وڵاتان، کونسوڵخانەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ) کراوەیە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکاندا، بەڵام ئایا ئێوەش پابەندن بەم پرەنسیپانە و بڕواتان بە ئەوە هەیە کە باسی دەکەن؟

ئێوە بەبێ گەڕانەوە بۆ دامودەزگا فەرمییەکان و وەرگرتنی مۆلەتی پێشوەخت هەڵکوتانە سەر هوتێل و کوشتنی خەلک و گرتنی سەرکردە سیاسیەکان و لێدانی هاووڵاتیانتان کردووەتە نەریت.

هاوکار جاف تیرۆر کرا و بەڵگەی پێویست خرانە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێوە داڵدەی بکەرانی ئەو کەیسەی تیرۆرکردنتان دا و جورئەتی رادەستکردنیان ناکەن بو ئەوەی راستی تێوەگلانی بەرپرسەکانتان بشارنەوە.

بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت، تانک، زرێپۆش، درۆن و چەکی قورستان بەکارهێنا و هێرشتان کردە هوتێل لالەزار. لەو هێرشەتاندا لە ناو جەرگەی شار چەندین هاووڵاتی بوونە قوربانی، ماڵی هاووڵاتییان و هونەرمەندانتان تێکدا بە بێ ئەوەی رەچاوی مافی مرۆڤ و یاساکان بکەن.

لەبارەی تۆمەتبارانی ئاژاوەگێڕییەکەی چەند ڕۆژی رابردوو لە قەزای خەبات، ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون وەکو تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەل کراوە، ئەگەر ئێوە خۆتان بە هاوبەش لە کردەوەکانیان دەزانن ئەوە جێگای نائومێدییە، وە ئەگەر تێوەنەگلاون دەبێت سوپاسگوزاربن و بە جێبەجێکردنی یاسا شەپڕزە نەبن.

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر

2025/12/5

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.