سەرۆكی ئەسقووفەكانی هەولێر لە كەنیسەی كلدانی كاسۆلیكی سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە دوای كاری تێكدانی گۆڕی كریستیانەكان لە گوندی هەرمۆتەی كۆیە، بڕیاری دا گۆڕستانەكە نۆژەن بكرێنەوە.
شەوی رابردوو چەند گۆڕێكی كریستیانەكان لە گوندی هەرمۆتە لە شارۆچكەی كۆیە لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە شێوێنران و تێكدران.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت رایگەیاند: بەفەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاردرا ڕێوشوێنەكان بگیرێنەبەر بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی ئەم كارە قێزەوەنە بۆ ئەوەی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن، هەروەها بڕیاردرا گۆڕستانەكە نۆژەن بكرێتەوە.
لەمبارەیەوە مەتران بەشار مەتی وەردە سەرۆكی ئەسقووفەكانی هەولێر لە كەنیسەی كلدانی كاسۆلیكی دوای سەركۆنەكردنی ئەم كارە قێزەوەن و ناڕەوایە، سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی كرد بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و هەروەها نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانەکە.
مەتران بەشار مەتی وەردە ئاماژەی بەوەش دا: دەستکاریکردنی گۆڕستانەکان پێشێلکارییەكی ناڕەوایە بۆ حورمەتی مردووان و دەستدرێژییە بۆ سەر هەستی خێزانەکانیان، هەروەها کارێکە پێچەوانەی هەموو بەها ئایینی و مرۆییەكانە.
مەتران بەشار مەتی راشیگەیاند: ئەنجامدانی گێرەشێوێنی بۆ گۆڕەكان زیان بە بنەماکانی پێکەوەژیانی هاوبەش دەگەیەنێت کە هەموومان بە پەرۆشەوەین بۆ پاراستن و چەسپاندنی لە هەرێمی کوردستاندا.
سەرۆكی ئەسقووفەكانی هەولێر داواشی لە هەمووان كرد ڕۆحی برایەتی و ئاشتی بپارێزن و ڕێگە بەم کارە دزێوانە نەدەن کە ئامانج لێیان تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان پێکهاتەكان و هەروەها تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.