Erbil 31°C ھەینی 26 حوزەیران 08:08

بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1993 دیپلۆماتکارانی ئیسرائیل و لوبنان بە ئاشکرا کۆبوونەوە

کوردستان TV
100%


لە پێشهاتێکی مێژووییدا و بە نێوەندگیریی ئەمریکا، دیپلۆماتکارانی ئیسرائیل و لوبنان بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا، لە کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرادا دانیشتن. ئامانج لەم دیدارە کەمکردنەوەی گرژییە سنوورییەکان و تاوتوێکردنی هاوکاریی ئابوورییە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری لە باشووری لوبنان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی کانوونی یەکەمی 2025، میدیا جیهانییەکان وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان بڵاوکردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە لە ناوچەی ناقورە لەسەر سنووری هەردوو وڵات بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە 9 مانگی ڕابردوودا هەوڵی چڕی داوە بۆ ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیە، کە دواجار لە سایەی هەڵکشانی گرژییە ئەمنییەکان لە لوبنان و زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل جێبەجێ کرا.

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە کەمتر لە دوو هەفتە بەسەر کوژرانی "هەیسەم عەلی تەباتەبایی"، فەرماندەی باڵای سەربازیی حیزبوڵڵا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت تێدەپەڕێت. ئەکسیۆس ئەو هێرشەی بە گرنگترین گورزی ئیسرائیل دژی سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا وەسف کردووە لە دوای ئاگربەستە یەک ساڵییەکە و بە یەکەم هێرش دادەنرێت بۆ سەر پایتەختی لوبنان لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا.

بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشداريیان داوەتە ئەمریکا کە بەیروت لە جێبەجێکردنی بڕیاری چەککردنی حیزبوڵڵا کەمتەرخەمە و جەختیان کردووەتەوە ئەگەر پرۆسەی پڕچەککردنەوەی حیزبوڵڵا بەردەوام بێت، ناچار دەبن جەنگ دەست پێ بکەنەوە. لە بەرامبەردا، حکوومەتی لوبنان هێرشەکانی ئیسرائیل بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی دەزانێت و داوای کردووە ئیسرائیل لە پێنج بنکەی سەربازی لە ناو خاکەکەیدا بکشێتەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە، کوشتنی فەرماندەکەی حیزبوڵڵا "دەرفەتی سیاسیی زیاتری" بە ئیسرائیل داوە و کاتی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی دواخستووە، ئاماژەی بەوەش داوە واشنتۆن پێی وایە سەرەڕای لێدوانە توندەکان، گەڕانەوە بۆ جەنگ "لە هەفتەکانی داهاتوودا پێشبینی ناکرێت".

سەبارەت بە چۆنیەتیی ڕێکخستنی دیدارەکە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە مایکل عیسا، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە لوبنان حکوومەتی بەیروتی ڕازی کردووە سەرەڕای هێرشەکان بەشداری بکەن، هاوکات مۆرگان ئۆرتاگۆس-یش لایەنی ئیسرائیلیی قاییل کردووە بەوەی حکوومەتی ئێستای لوبنان "زیاتر لە زۆربەی حکوومەتەکانی پێشوو" توانای هاوکاریی هەیە.

کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی دانیشتنی مانگانەی چاودێریی ئاگربەست بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی ئەمریکی بەڕێوەچوو، دواتر دیپلۆماتکارانی هەردوو وڵات دانیشتنێکی هەبووە.

 تەوەرە سەرەکییەکە تاوتوێکردنی دروستکردنی "ناوچەی ئابووریی ترەمپ" بووە لەسەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل، کە ئامانج لێی دروستکردنی ناوچەیەکی بێ حیزبوڵڵا و چەکی قورسە. هەردوو لا ڕێک کەوتوون پێش هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی جارێکی دیکە کۆ ببنەوە و پێشنیاری ئابووریی دیاریکراو بخەنەڕوو.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.