بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە دوو چالاکیی جیادا لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە، 3 تۆمەتبار دەستگیر کران کە هەڵسابوون بە دزینی ئاژەڵ و بڕێک پارە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ سکاڵایان تۆمار کرد کە ژمارەیەک سەر ئاژەڵیان لێ دزراوە، بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەستی پێ کرد و سەرەنجام توانرا 2 تۆمەتبار دەستگیر بکرێن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە چالاکییەکی دیکەدا و پاش تۆمارکردنی سکاڵای هاووڵاتییەک کە بڕی 14000 دۆلاری لێ دزرابوو، هێزەکانی پۆلیس توانییان شوێنی تۆمەتبار ئاشکرا بکەن و دەستگیری بکەن.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش داوە، تۆمەتبارەکان کە پێکهاتوون لە (م، ج، ا - لەدایکبووی 2000)، (م، ع، ع - لەدایکبووی 2000) و (ه، ب، ح - لەدایکبووی 2004)، دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە هەردوو دۆسیەکە بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.