ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، بەشداريی ڕێوڕەسمی كردنەوەی باڵەخانەی نوێی كونسوڵگەریی گشتیی ئەمریكاى له هه‌رێمى كوردستان كرد.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە مایكل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مەسرور بارزانی سەرۆك وه‌زيرانى هەرێمی كوردستان، جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، جێگری سەرۆك وه‌زيران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و كونسووڵ و نوێنەرانی وڵاتان ئاماده بوون، نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
به‌ڕێز جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئێوارەتان باش،
هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن،
به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى مايكل ڕيگه‌س جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا ده‌كه‌م كه به تايبه‌تى بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه سه‌ردانى هه‌ولێرى كردووه. به خێربێن بۆ هه‌ولێر، به‌خێربێن بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق.
زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ى ئەمڕۆ پێكه‌وه به‌شداريى لە ڕێوڕه‌سمى کردنەوەی تەلاری نوێی کونسوڵخانەی گشتيى ئەمریکادا لە هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين.
بوونی ئەم ناوەندە دیپلۆماسییە لێره، پەیامێکی سیاسیی ڕوونە دەربارەی گرنگیی هەولێر و هەرێمی کوردستان و دەرخەری ئەو هاوبەشییە قووڵه‌یە کە عێراق و هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ ئه‌مريكادا هەیەتی و پێكه‌وه دەیانبەستێتەوە.
پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئه‌مريكادا، لەسەر بنەمای متمانە و به‌ها و کاری هاوبەش لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا بنیاد نراوە. هەر لە پرۆسەی دابینکردنی نه‌واى ئارام و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕینه‌وه لە ساڵانی نەوەدەکاندا تا ئێستا، ئه‌مريكا لە سه‌ختترين و هەستیارترین كاته‌كاندا هه‌ميشه لەپاڵ گەلی کوردستاندا وەستاوە.
ساڵی 2003 لە کاتی ئازادکردنی عێراقدا پێکەوە بووين. ساڵی 2014 کاتێک ڕووبەڕووی تیرۆر بووینەوە، هێزەکانی پێشمەرگە بە ئازایەتییەوە شانبەشانی هێزەکانی ديكه‌ى عێراقی و ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی جەنگان. پێکەوە سەرکەوتوو بووین لە تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و ئازادکردنی شار و ناوچه‌كانى ژێر ده‌ستيان. ئەمانە لاپەڕەی لەبیرنەکراوی مێژوون و بناغەیەکی پتەویان دروست كردووە بۆ هاوبەشی لە ئایندەدا.
به‌ڕێزان،
ئه‌مڕۆ کردنەوەی ئەم کۆمەڵگە کونسوڵییە له هه‌ولێر، جەختکردنەوەیە لەسەر بەردەوامیی ئەم پەیوەندییە و پابەنديى ئه‌مريكايه بە کارکردن لەگەڵمان لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریدا. هەروەها ڕەنگدانەوەی متمانەيه‌تى بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشیمان لەگەڵ بەغدا و بە توانا‌مان بۆ بنیادنانی نموونەیەکی سەرکەوتوو لە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا.
ئه‌مه وه‌ك سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ فراوانکردنی هەماهەنگی لە زۆر بواردا دەبینین: لە سیاسەت و ئاسایش، لە ئابووری و وەبەرهێنان، لە ڕۆشنبیری و پەروەردە و لە پەیوەندیی نێوان گەلاندا. ئێمە تەنها بەدوای پەیوەندیی حکوومەت لەگەڵ حکوومەتەوە نین، بەڵکو خوازیاری پەیوەندیی نێوان کۆمپانیاکان، کۆمەڵگەکان و پەیوەندیی نێوان گەنجانمان و گەنجانی ئه‌مريكاين.
سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕوونە: دەمانەوێت کوردستان پردی پەیوەندی بێت نەک گۆڕەپانی ململانێ. ده‌مانه‌وێت وەک بەشێکی کاریگەر لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا بمێنینەوە.
بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم كێشه‌كان لەسەر بنەمای دەستوور و بەڕێوەبردنی وڵات لەڕووی سیاسی و كارگێڕی و یاسایيیەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیریی هەموو عێراق بکات.
لە هەمانکاتدا و له چوارچێوه‌ى عێراقى فيدراڵدا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مريكا، پابەند دەبین بە هاوبەشیی ستراتیژییمان لەگەڵ ئه‌مريكا، چونکە بڕوامان وایە ئەم هاوبەشییە بنه‌مايه‌كى سەرەکییە بۆ ئاشتی و ئاسایش و پێشكه‌وتن.
ئێمە به ڕێز و پێزانينێكى زۆره‌وه له پشتیوانیی ئه‌مريكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانين، چ لە ڕێگەی سەربازەکانیانەوە بێت کە قوربانییان داوە، یان لە ڕێگەی دیپلۆماتکارەکانیان بێت، یان لە ڕێگەی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكانی ئەمریکی بێت کە بەشدارییان لە پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان كردووە و جێی ڕێز و سوپاسێكی زۆرن.
بەناوی هەرێمی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی گەل و ده‌وڵه‌تى ئەمریکا دەکەين بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان.
به ته‌واوى پشتگيريى له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ دەكەین له‌پێناو چارەسەركردنى كێشه‌كان و چه‌سپاندنى ئاشتى له ناوچه‌كه‌دا. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى لێ ده‌كه‌ين بۆ دياريكردنى مارك ساڤايا وه‌ك نێرده‌يه‌كى تايبه‌ت به عێراق. ئه‌مه پێشهاتێكى گرنگه. هيوادارين ڕۆڵى خۆى بگێڕێت له يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه.
بە ئومێد و ئیرادەوە دەڕوانینە پێکەوەكاركردن بۆ بنیادنانی داهاتوويه‌كى باشتر و سەقامگیر و ئاوەدانتر بۆ هەمووان.
زۆر سوپاس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.