Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 00:19

توێژینەوەیەكی نوێ.. بوونی رووناكی لە كاتی خەو مەترسییەكانی جەڵتەی دڵ و مێشك زیاد دەكات

کوردستان TV
100%

بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە، بوونی رووناكی لە كاتی نووستندا مەترسییەكانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك زیاد دەكات.

توێژەران لە نەخۆشخانەی (ماساچۆستس) لە شاری بۆستن لە ئەمریكا بۆ ماوەی 10 ساڵ توێژینەوەیان لەسەر زیانەكانی بوونی رووناكی لە كاتی خەودا لە ژووری نووستن كردووە.

لە توێژینەوەكەدا تاقیكردنەوە لەسەر 466 هەزار كەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە كە لە ماڵەكانیاندا لە كاتی خەو رووناكییان لە ژووری نووستندا هەبووە.

دوای 10 ساڵ لە توێژینەوەی بەردەوام، دەركەوتووە كە 17%ی بەشداربووان تووشی كێشەكانی دڵ و دەمارەكان بوونەتەوە.

توێژەرەكان لە توێژینەوەكەدا بۆیان دەركەوتووە كە بوونی رووناكی لە كاتی خەودا دەبێتە هۆی ماندووكردنی زیاتری مێشك و هەوكردنی دەمارەكان، بەمەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك لە مرۆڤدا زیاتر دەبێت.

توێژەرەكان هەروەها بۆیان دەركەوتووە كە چەندە رووناكی لە ژووری نووستنەكاندا بەهێزتر بێت، مەترسییەكان لەسەر دڵ و مێشكیش زیاتر دەبن.

بۆیە توێژەران ئامۆژگاری هاووڵاتییانیان كردووە كە تا پێیان دەكرێت لە كاتی خەوتندا ژووری نووستنەكانیان تاریك بكەن بە داخستنی پەردە و دەرگە و هەموو ئەو شوێنانەی رووناكییان لێ دێتە ژوورەوە، بەمجۆرەش تەواوی جەستە هەست بە ئارامی و ئیسراحەتی زیاتر دەكات.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.