Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 03:14

تاران قسەکانی ترەمپ ڕەت دەکاتەوە: هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە

کوردستان TV
100%

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ڕەت کردەوە کە باسی لە بوونی دانوستان لەگەڵ تاران کردبوو، جەختیشی کردەوە کە هیچ پڕۆسەیەکی لەو شێوەیە لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکادا ڕایگەیاند، دانوستان لەگەڵ لایەنێک کە "بڕوای بە گفتوگۆی دوولایەنە نییە" و "شانازی بە ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی دژی ئێران دەکات"، هیچ پاساوێکی نییە.

بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد ئەمریکا خاوەنی "پێشینەی پەیمانشکێنی و داواکاریی زۆرە" و بە هەڵسوکەوت و قسەکانی دەری خستووە کە تەنها بە دوای سەپاندنی ویستەکانی خۆیەتی، بۆیە لە دۆخێکی واهادا "ناکرێت باس لە ڕەوتێکی لۆژیکی بۆ گفتوگۆ بکرێت".

ئەم لێدوانانەی تاران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی سێشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە کۆماری ئیسلامی بە توندی خوازیاری گەیشتن بە ڕێککەوتنە و وتی: "ئێمە سەرقاڵی گفتوگۆین لەگەڵیان".

ترەمپ لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکاوە و لە "شەڕی ١٢ ڕۆژە"دا کرد، وتیشی: "ئێمە کراوەین بۆ ڕێککەوتن، دەمانتوانی پێش جەنگەکە بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام ئەوە نەکرا."

سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە سەرەڕای هەڵوێستە ئاشکرا و دژبەرەکانی بەرپرسانی ئێران لە ڕاگەیاندنەکاندا، بەڵام تاران لە ڕاستیدا "زۆر ئارەزووی" ڕێککەوتن دەکات و پێشبینی دەکات لەمبارەیەوە "شتێک ڕووبدات". ترەمپ وتی: "ڕەنگە ئەوان لە ڕووکەشدا شتێکی دیکە بڵێن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە زۆر مەیلیان بەلای ڕێککەوتندا هەیە."

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.