Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 11:17

سەرۆک بارزانی: تیرۆر و ماددەی هۆشبەر و توندڕەویی تائیفی گەورەترین هەڕەشەکانی سەر عێڕاقن

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە وتارێکدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لەو مەترسییانە کرد کە لەسەر عێڕاو و ناوچەکە و هەرێمی کوردستان هەن و جەختی کردەوە تیرۆر و ماددەی هۆشبەر و توندڕەوی تائیفی گەورەترین هەڕەشەکانی سەر عێراقن.

ڕۆژی سێشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی لە دەستپێکی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) لە دهۆک کە بە بەشداریی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێڕاق و کەسایەتییە حکوومی و سیاسییەکانی کوردستان و عێراق بەڕێوە چوو ڕایگەیاند دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای هاوەبەشی دامەزرا و چەندین جار لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا هاوبەشیی نێوان کورد و عەرەب جەختی لێ کرایەوە بەڵام سەری نەگرت و کورد تووشی کیمیاباران و ئەنفال و ڕووخانی گوندەکان کرا.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد : " لە دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003، دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئێمە هاتە پێشەوە. لەسەر سێ بنەما هەنگاومان هەڵگرت. لەسەر هاوبەشی، هاوسەنگی و ڕێککەوتن. لە 2005 دەستوورێک بۆ عێراق دانرا. ئەوکاتیش دەمانزانی ئەم دەستوورە کەموکورتیی هەیە بەڵام ئەگەر لەگەڵ دەستوورەکانی پێش ئیستا و دەستوورەکانی دەوروبەری خۆشمان بەراوەردی بکەین، دەستوورێکی زۆر پێشکەوتوویە و دەستوورێکە کە خاڵی ئەرێنیی زۆر زۆر زیاترە لە خاڵە نەرێنییەکان. دەستوور خۆی میکانیسمی ئەوەی تێدایە ئەگەر کێشە و کەموکورتییەک هەبێ چارەسەر بکرێت".

سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە تیرۆریسم یەکێک لە هەڕەشە و مەترسییە سەرەکییەکانی سەر عێراقە و داعش لەناو نەچووە. هەر بۆیەش ئەوانەی باس لەوە دەکەن پێویستیمان بە پشتیوانیی دەرەکی نەماوە لە هەڵەدان و چاویان لەسەر ڕاستی دادەخەن.

سەرۆک بارزانی رایگه‌یاند "پێویستە هەموو پێکەوە هەوڵ بدەین دەوڵەتی دامەزراوەیی دابمەزرێت، چیدی دەوڵەتۆک لەنێو دەوڵەتدا نەبنە رێگر و کێشە دروست بکەن، جەختیشی کردەوە پێویستە "یاسا سەروەر بێت، هەر هاووڵاتییەک مافی خۆی و ئەرکی خۆی بزانێت و تەرکیزێکی زیاتریش بکرێت لەسەر خزمەتگوزاری بۆ سەرتاسەری عێراق".

گوتیشی "من وا دەزانم کە خەڵکی ئێمە هەموو لە کوردستان، لە ناوەڕاست، لە باشوور، ماندوو بوون لە درووشم، زۆریان گوێ لە درووشم بوو، خەڵک بە کرداری شتیان دەوێت، کارەبایان دەوێ، شەقامیان دەوێ، نەخۆشخانەیان دەوێ، پەروەردەیەکی راست و دروستیان دەوێ. هیوادارین هەموو لایەک رووی خۆیان بدەنە ئەوەی کە ئاستی ژیانی خەڵکی ئێمە بەرەوپێش بچێت، ئەمە ئەنجامێکی باش دەدات".

سەرۆک بارزانی پەیامێکیشی ئاراستەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کردو رایگەیاند "هیوادارم لایەنە کوردستانییەکان باش گوێ بدەنە ئەم گوتارەی من، ئێستا ئەو هەلومەرجانەی کە پاش هەڵبژاردنی فیدڕاڵی هەیە، ئەو هەلومەرجانەی پێش ئێستا نییە، پێویستە بەپێی ئیستحقاقی ئینتیخابی، هەموو لایەک بگاتە هەقی خۆی".

بە گوتەی سەرۆک بارزانی گەورەترین مەترسیی ئێستا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان پرسی ماددەی هۆشبەرە و ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی کوردستان و عێراق تووشی بوون. داواشی کرد حکوومەتی داهاتووی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کورستان پێکەوە کار بۆ سزادانی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و خاوەنی کارگەکانی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر بکەن.

 

دەقی کۆی وتاری سەرۆک بارزانی لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

سەرەتا بەخێرهاتنی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێز دادوەر فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەکەم. هەروەها بەخێرهاتنی سەرکردە و نوێنەرانی پارتەکان و بەڕێزان وەزیرەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان و هەموو میوانانی بەڕێز دەکەم.  ببوورن كە ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت هەموو ناوەکان بڵێت، بەڵام هەمووتان بەخێر بێن سەرسەر و سەرچاوان.

ئەم کۆڕبەندە لە دۆخێکی زۆر هەستاردا دەبەسترێت. لێرەوە دەمهەوێ سوپاسی ڕێکخەرانی ئەو کۆڕبەندە و زانکۆی ئەمریکیی دهۆک بکەم. هیوادارین ئەو توێژینەوانەی لەم کۆڕبەندە دەردەچن، ئەنجامێکی ئەرێنیی لێ بکەوێتەوە و ئەو ئامانجانە بپێکێت کە ئەم کۆڕبەندەی لە پێناودا دەبەسترێت. دەستتان خۆش بێت و خوازیارم کاتێکی خۆش لە شاری دهۆکی جدوان بەسەر بەرن. خوازیارین ئەم کۆرانە لە دهۆک و شارەکانی دیکە دووبارە ببنەوە.

زۆر سوپاس جارێکی دیکە بۆ ئامادەبوونی ئێوەی بەڕێز.

ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی هەستیاردا دەبەستریت. قەیران لە هەموو جیهان زۆرن و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناوچەی ئێمە قەیرانی زۆر مەترسیدار هەیە. هیوادارین ئەم جۆرە کۆڕبەندانە ببێتە یارمەتیدەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم جۆرە قەیرانانە. هێندێک ڕووداو، گۆڕانکاریی مەزن دروست دەکەن یا مێژوویەکی نوێ دروست دەکەن. هەر وەک چۆن دوای جەنگی جیهانیی دووەم پەیمانی سایکس پیکۆ گۆڕانکاریی گەورەی بەسەر ناوچەکە هێنا.

بە داخەوە ئەو سیستەمەی بە پێی پەیمانی سایکس پیکۆ لە ناوچەکە هاتە ئاراوە، ئەمن و ئاسایشی بۆ ناوچەکە نەهێنا و گرفتی مەزنی بۆ دروست کرد و تا ئەمڕۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست ئەو پەیماننامەیەوە دەناڵێنن. بۆیە بۆچوونی ئێمە ئەوەیە ئێمە وەک نەتەوەکانی ناوچەکە بە جددی بیری لێ بکەینەوە بزانین کێشە لە کوێیە و ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن. هیچ مەعقوول نییە ئێمە پێکەوە بژین و ناتەبا بین و کێشە لە نیوانماندا هەبێ. ئەگەر ئێمە کێشەکان بدۆزینەوە چارەسەرەکەی زۆر ئاسان دەبێت، ئەگەر نییەت و ئیرادە هەبێت. زۆر ئاسایییە ئەگەر هەڵە بکرێت بەڵام بەردەوامبوون لەسەر هەڵە تاوانە. سیاسەتی خۆسەپاندن و دەستبەسەرداگرنی هەموو بوارەکان سەرکەوتوو نەبووە. نە لە لای ئێمە لە عێراق و نە لە هیچ وڵاتێکی دیکە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەموو لایەکمان زەرەرمەند بووین. نەوەی داهاتوو پێویستە ژیانێکی خۆش و بەختەوەرانە ببەنە سەر. ئەو گرفتانەی ئێمە و پێش ئێمە تێیدا ژیاون و بینیویانە، حەقە ئەو کێشانە بۆ جیلی دوای خۆمان جێ نەهێڵین.

دەوڵەتی عێراق دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لەسەر بنەمای هاوبەشی دامەزرا. دواتر لە شۆڕشی 14ی تەمووز ساڵی 1958 بڕگەیەک لە دەستووری کاتیی ئەوکاتدا نووسرا کە دەڵێ: عەرەب و کورد هاوبەشن لەو نیشتمانەدا. ئەمە هێزێکی دیکەی دا هەم بە عێراق و هەم کەشێکی وای لە عێراق و کوردستان دروست کرد کە زۆر ڕۆژی خۆش هەبوون. دیسان سەری نەگرت. لە یازدەی ئازار ڕێککەوتنێک لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق هاتە ئاراوە بەڵام دوای ماوەیەک ئەویش سەری نەگرت. ئەنجامی ئەوە کە ئێمە بینیمان، کیمیابارانکردن و ئەنفال و وێرانکردنی گوندەکان بوو. هیچکات سەرکردایەتیی شۆڕش هیچ دەرفەتێکی بۆ چارەسەریی ئاشتیانە لە دەست نەدا. بێ ئەوەی بیر بکەینەوە کێ لە بەغدا حکوومەت دەکات، هەر دەفەتی ئاشتی هەبووبێ بەرەو پیری چووین. ساڵی 63، ساڵی 64، ساڵی 66، ساڵی 70 و تەنانەت 91. ئێمە وەک کورد سەلماندمان ئێمە ئاشتیخوازین. ئەوەی بەسەرمان هات لەبیرمان ناچێت بەڵام بەدوای تۆڵە نەکەوتین. چونکە ئێمە زۆر باش دەزانین برایەتیی ئێمە و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە زۆر بەرزتر و قایمترە لە تاوانێک کە لە لایەن حکوومەتەوە بکرێت. کێشە لەگەڵ حکوومەت شتێکە و دۆستایەتی و تەبایی لە نێوان گەلاندا شتێکی دیکەیە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003، دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئێمە هاتە پێشەوە. لەسەر سێ بنەما هەنگاومان هەڵگرت. لەسەر هاوبەشی، هاوسەنگی و ڕێککەوتن. لە 2005 دەستوورێک بۆ عێراق دانرا. ئەوکاتیش دەمانزانی ئەم دەستوورە کەموکورتیی هەیە بەڵام ئەگەر لەگەڵ دەستوورەکانی پێش ئیستا و دەستوورەکانی دەوروبەری خۆشمان بەراوەردی بکەین، دەستوورێکی زۆر پێشکەوتوویە و دەستوورێکە کە خاڵی ئەرێنیی زۆر زۆر زیاترە لە خاڵە نەرێنییەکان. دەستوور خۆی میکانیسمی ئەوەی تێدایە ئەگەر کێشە و کەموکورتییەک هەبێ چارەسەر بکرێت. ئەو ڕۆژەی دەستوور تەواو بوو، من گەڕامەوە هەولێر و گوتم ئەوە ئەو دەستوورە نییە هەموو شتێکی کە ئێمە دەمانهەوێ تێیدا بێ؛ بەڵام دەستوورێکە کە زۆر شتی تێدایە کە ئێمە دەتوانین شانازیی پێوە بکەین. دەستوورێکە کە عێراق دەباتە قۆناغێکی دیکە. پەیوەندیی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی ڕێک خستووە. بۆیە ئەمە دەستوورێکە ئێمە ئێستاش و لە داهاتووشدا پشتیوانیی لێ دەکەین.

بە ڕاستی ئێمە دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین. ئەرێ ئەم هەموو کیشەیە، سووچی کوردانە یا سووچی حکوومەتە؟ من هیچ لایەک بێبەری ناکەم بەڵام بە دڵنیاییەوە کاتێک لەوێ دەسەڵات هەیە و هێز هەیە زیاتر خەتاکە دەکەوێتە سەر ئەوان. ئێمە هەموومان ئێش و ئازارێکی زۆرمان چێشتووە. خوێنێکی زۆر ڕژاوە. ئەو دەرفەتەی لە 2003 هاتووەتە پێشەوە هێشتا ئەو دەرفەتە ماوە و ئێمە دەبێ لە دەستی نەدەین. دەستوورێک هەیە کە ئێمە دەبێ پابەندی بین. ئەو دەستوورە ڕێنیشاندەرە بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەک هاتە پێش چۆن چارەسەر دەکرێت. ئێمە هیوادارین ئەو هەڵبژاردنە چەند ڕۆژ لەمەوبەر کرا، ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی ئێمە بگەڕێینەوە ڕێیەکی دروست و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بگەڕێتەوە بۆ ڕێچکەیەکی ڕاست و دروست بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک لە نێوان ئێمەدا نەمێنێ.

لێرە دا بە شیاوی دەزانم خۆشحاڵیی خۆم دەرببڕن بۆ ئەو پڕۆسەی ئاشتییەی لە تورکیا دەستی پێ کردووە. ئێمە پشتیوانییەکی گەرمممان لێ کردووە و پشتیوانیشی لێ دەکەین. هیوادارین بگاتە ئامانجێک کە خێری هەموو لایەکی تێدا بێت. هەروەها دەرفەتێکی زێڕین بۆ سووریا هاتووەتە پێش. هیوادارین هەموو پێکهاتەکان، کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، بگەنە ڕێککەوتنێک لە نێوان خۆیان و حکوومەتی ئێستادا و بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتییانە ئەو کێشانەی هەیە چارەسەر بکەن و بگەنە ڕێککەوتنێک هەموو پێکەوە ژیانێکی خۆش ببەنە سەر.

بەڕێزان، 11ی 11، هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگ لە عێراق بەڕێوە چوو. لێرە بە پێویستی دەزانم پیرۆزبایی لە هەموو گەلی عێراق بکەم بۆ ئەو هەڵبژاردنە سەرکەوتووە. لەڕووی تەکنیکییەوە زۆر سەرکەوتوو بوو. زۆری جیاوازیی لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوو هەبوو. تەنانەت بۆ ئاگاداریتان، هەڵبژاردنی پێشوو کە من چووم، دوایین شانسی دا بە من پەنجەمۆرم بخوێنێتەوە یا نا و ئەگەری هەبوو من دەنگم نەدابا هێندە ئاڵۆز بوو. ئەمجارە بە یەک خولەک هەموو شتێک تەواو بوو. ئەوەی من بینیم لە لایەنی تەکنیکییەوە زۆر ڕێکوپێک بوو. شوکور بۆ خوا من نەمبیست نە لە باشوور و نە لە هیچ شوێنێک، هیچ کێشەیەک ڕووی نەدا ئەم کەشوهەوا خۆشە ناخۆش بکات. ئەوە هەمووی جێی دەستخۆشییە هەم بۆ حکوومەتی فیدراڵی هەم بۆ هەموو گەلی عێراق و هەم بۆ حکوومەتی هەرێم و پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکەم.

زۆر بە پێویستی دەزانم ئەمە ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی هێندێک هەنگاوی جددی پاش ئەم هەلبژاردنە هەڵبگیرێ. یەک لەوان هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە. ئێمە پێمان وایە ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پێ کرا نادادپەروەرانەیە و کوموکوریی زۆری تێدایە. مافی خەڵکی خاوەن حەق بزر بوو و زۆر کەسیش بە ناحەقی بەشی پێ بڕا. ئێمە بە جددی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکە هەوڵ دەدەین ئەم یاسایە ڕاست بکرێتەوە لەبەر ئەوەی بە ڕاستی ئەم یاسایە هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە.

خاڵی دووەم کار بکرێت بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی بە پێی ماددەی 65ی دەستوور. ئەمە پێویستییە لەبەر ئەوەی گەرەنتییە هەم بۆ هەرێم و هەم بۆ پارێزگاکان.

خاڵی سێهەم دادگای فیدراڵی بە پێی ماددەکانی 92 و 93ی دەستوور دابمەزرێت. هەڵبەت هەموو ئەوانە دەبێ بەپێی دەستوور جێبەجێ بکرێن بەڵام جێبەجێ بکرێن و دوانەخرێن. چونکە ڕەنگە ڕوودانی زۆر کێشە بە هۆی نەبوونی ئەم دامەرزراوانە بووە. چوارەم، ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت و چیدیکە پشتگوێ نەخرێت. یاسای نەوت گاز دانی پێدا بنرێت و گونجاوبێت لەگەڵ دەستوور. ئەویش یەکێک لە هۆکارەکانی زۆر کێشە لە نێوان هەرێم و بەغدادا بووە کە هیچ پێویست نەبوون. ئەو یاسایە ساڵی 2007 نووسراوە و ئامادە کراوە. نامهەوێ بچمە ناو وردەکارییەکان بەڵام دەبوو ئەوکات ئەو کارەمان کردبا. بەڵام هەڵەیەکی گەورە بوو تا ئێستا دوا خراوە و هیوادارین ئەو یاسایەش جێبەجێ بکرێت و تەواو بێت.

پێویستە هەموومان پێکەوە هەوڵ بدەین دەوڵەتی دامەزراوەیی دامەزرێت. چیدیکە دەوڵەتۆکە لە نێو دەوڵەتدا نەبنە ڕێگر و کێشە ساز بکەن. یاسا سەروەر بێت و هە هاووڵاتییەک مافی خۆی و ئەرکی خۆی بزانێت. جەختێکی زیاتریش بکرێت لەسەر خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری عێراق. وا بزانم خەڵکی ئێمە لە کوردستانیش و لە ناوەند وباشووریش ئیدی ماندوو بوون لە دروشم. زۆریان گوێ لە دروشم بووە. خەڵک کردەوەی دەوێت. کارەبا و جادە و نەخۆشخانەی دەوێ، پەروەردەیەکی ڕاست و دروستی دەوێت. هیوادارین هەموو لایەک سەرنج بدەنە ئەوەی ئاستی ژیانی خەڵک بەرەو پێشەوە بچێت و ئەوە ئەنجامێکی باشی دەبێت.

سەبارەت بە دۆخی هەرێم، ئەوە ساڵێک و مانگێک بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمدا تێپەڕیوە. هەر دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن ڕاگەیاندرا، ئێمە داوامان لە هەموو ئەو لایەنانەی کورسییان بەدەست هێنابوو کرد، بێن حکوومەتێکی بنکە فراوان پێک بێنن. نەهاتن. هیوادارم ئێستا کە دیسان هەڵبژاردنی فیدراڵی بەڕێوە چووە، ببنە هاندەر و جارێکی دیکەش داوا لە هەموو لایەنی کوردستانی دەکەم بێنەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پێک بێت. هیوادارم هەردوو حکوومەت هاوکات پێک بێن بۆ ئەوەی قورسایی هەموو لایەنێک بپاریزرێت. هیوادارم لایەنەکانی کوردستان باش گوێ لەم وتارەی من بگرن. ئێستا ئەو هەلومەرجەی دوای هەڵبژاردنی حکوومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە، ئەو هەلومەرجەی پێشوو نییە. بە پێی شایستەی هەڵبژاردن، هەموو لایەک دەبێ بگاتە مافی خۆی.

بابەتێکی دیکەی گرنگ، ئەو مەترسییانە چین کە ڕووبەڕووی عێراق هەموو ناوچەکە دەبن. گەورەترین هەڕەشە تا ئێستاش کێشەی تیرۆرە و تا ئێستا تەواو نەبووە. دیاردەی داعش دیاردەیەکی ترسناکە و نابێ لەبیرمان بچێت. هەرکات دەرفەتیان هەبێ زۆری پێ ناچێ جارێکی دیکە خۆیان نوێ دەکەنەوە. لەبەر ئەوەی پێویستی بە هەماهەنگییەکی تەواو هەیە لە نێوان خۆماندا، هەموو هێزە سیاسییەکان لەگەڵ حکوومەت و لەگەڵ حکوومەتی هەرێم. ئێمە پێویستیمان بە هاریکاری و پشتیوانیی دۆستانمان لە دەرەوەش هەیە.  ئەوەی کە ئەو هاریکارییە چۆن دەبێ، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی حکوومەت لەگەڵ حکوومەت ئەم پەیوەندییانە ڕێک بخەن بەڵام ئەوەی کە بڵێن ئێمە پێویستیمان بە هاریکاری نەماوە و داعش نەماوە، من دەڵێم چاوی خۆمان لەسەر ڕاستی دادەخەین. داعش ماوە و ئێمە پێویستیمان بە هاوکاریی دۆستانی دەرەکیمان هەیە.

مەترسییەکی دیکە کە لە لای من لە هەموویان گەوترە، ماددە هۆشبەرەکانە. بە داخەوە زۆر گەنجی ئێمە هەر لە کوردستان تا دەگاتە بەسرە تووشی ئەم دەردە بوون و پێدەچێ بەرنامەیەکی ڕێکوپێک هەبێ بۆ ئەوەی ماڵی ئێمە وێران کەن. لەبەر ئەوەی پێویست دەزگای ئەمنی و دەزگای پەیوەندیدار کارێکی زۆر جددی بکەن بۆ نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر. ئەوەی بازرگانیی کردووە تاوانباری زۆر گەورەیە، ئەوەی کارگەی ماددەی هۆشبەری داناوە لەو بازرگانانە تاوانبارترە. ئێمە هیوادارین حکوومەتی فیدراڵیی داهاتوو و حکوومەتی هەرێم، هەماهەنگیی تەواو بکەن بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو تاوانبارانە دابنێن و سنوورێک بۆ ئەو مەترسییە جددییە گەورەیە دابنرێت و ئەوەی بازرگانیی کردووە و کارگەی ماددەی هۆشبەری داناوە، دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.

مەترسییەکی گەورەی دیکە توندڕەویی قەومی و تائیفییە کە ئێمە هیچ کەڵکمان لێ وەرنەگرتووە و خێرمان لێ نەبینیوە. بە داخەوە ئێمە هێندێک جار دەبیستین ئەم قەوانە لێدەدەنەوە بەڵام هیوادارم ئەمە تەنیا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بووبێ و پلانی هیچ لایەنێک نەبێ لەبەر ئەوەی هیچ خێرێکمان لێ نەبینیوە و لێشی نابینین.

دۆخی جیهانی بە گشتی هەمووی قەیرانە بەڵام قەیرانی مەترسیدار ئەوەیە کە لە ناوچەی ئێمە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئێمە هیوادارین هەرچی قەیرانی هەیە بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمە و عێراقەوە هەیە ئێمە هیوادارین عێراق تێکەڵ بەو ململانێیانە نەبێت و گەلی عێراق بپارێزرێت و عێراق نەبێتە مەیدانی ململانێی لایەنی دیکە. هیوادارین لایەنی دیکەش دۆخی عیراق لەبەر چاو بگرن. هێشتا خەڵکی ئێمە بریندارە و وڵاتی ئێمە نەهاتووەتەوە سەر خۆ. جا سەرەڕای ئەمەش دیسان بەڵامان بەسەر بێ، ئەمە خوداش قەبووڵ ناکات.

دوایین خاڵ کە دەمهەوێ ئاماژەی پێ بکەم کەلتووری پێکەوە ژیانە. ئێمە لە کوردستان سەربڵندین و شانازیی پێوە دەکەین. ئەم کەلتوورە لە هەموو عێراق زۆر بەرز ڕادەگیرا. ئێمە هیوادارین هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ئێمە کەلتووری پێکەوە ژیان دەوڵەمەندتر و قووڵتر بکەین لەبەر ئەوەی عێراق بەوەوە جوانە کە وەک لە دەستووریشدا هاتووە، فرە نەتەوەییە، فرە ئایینییە، فرە مەزهەبییە. ئێمە هەموو هاوبەش بین لەم وڵاتەدا و هەمووان ئەرکی خۆیان و مافی خۆیان بزانن.

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ ئەم کۆڕبەندە دەخوازم وجارێکی دیکە بەخێرهاتنی هەموو لایەک دەکەم.

وەسەلاموعەلەیكوم.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.