ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕێوڕەسمێكدا پ. د. عەلی عەبدولڕەزاق دەباغ وەك سەرۆكی نوێی زانكۆی هەولێری پزیشكی دەستبەكار بوو، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای پیرۆزباییكردن، هیوای خواست شارەزاییەكەی ببێتە هۆكار بۆ گۆڕانكاری نوێ لە زانكۆكەدا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا فەرمانى دەستبەکاربوونى پ. د. على عەبدولڕەزاق دەباغ وەک سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى بە وەکالەت لەسەر میلاکى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئیمزا کرد. دواتریش لە ڕێورەسمێکدا فەرمانى وەزارى دەستبەکاربوونى پێشکەش بە سەرۆکى نوێى زانکۆى هەولێرى پزیشکى بە وەکالەت کرد.
وەزیرى خوێندنى باڵا لە ڕێوڕەسمەكەدا وێڕاى پیرۆزبایى و هیواى سەرکەوتن، هیواى خواست توانا و شارەزایی پ. د. عەلی عەبدولڕەزاق دەباغ ببێتە هۆکارێک بۆ وزە و گۆڕانکارى نوێ لە سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و زانکۆى هەولێرى پزیشکى.
وەزیر هەروەها بەڵێنیشى دا هاوکار و هەماهەنگ بێت بۆ خزمەتکردن بە باشترین شێوە بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى لە زانكۆی هەولێری پزیشكی و سەرجەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.