بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی داوایان لە هاووڵاتییانیان كردووە نوێژەبارانە ئەنجام بدەن بەهۆی دواكەوتنی وەرزی بارانبارین و مەترسی وشكەساڵی لە وڵاتاكانیان.
هەریەك لە وڵاتانی سعوودییە، قەتەڕ، سووریا و ئێران داوایان لە هاووڵاتییان كردووە لە كاتێكی دیاریكراودا و بە كۆمەڵ نوێژەبارانە ئەنجام بدەن و لە خودا بپاڕێنەوە لێیان خۆشبێت و بارانی رەحمەتیان بەسەردا ببارێنێت.
سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعوودییە داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كرد بۆ سبەی پێنجشەممە نوێژەبارانە ئەنجام بدەن، وەزارەتی ئەوقافی سووریاش داوای لە هاووڵاتییان كردووە هەوڵ بدەن سێ رۆژ بەڕۆژوو ببن و هەروەها رۆژی هەینی داهاتوو لە سەرجەم پارێزگاكان بەكۆمەڵ نوێژەبارانە ئەنجام بدەن.
تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەڕ داوای لە قەتەڕییەكان كرد سبەی پێنجشەممە لە سەرجەم ناوچەكانی وڵاتەكەی نوێژەبارانە ئەنجام بدەن و داوا لە خوادای گەورە بكەن بارانی بەڕەحمەتیان بەسەردا ببارێنێت.
میری قەتەڕ هەروەها خۆی سەرلەبەیانی سبەی پێنجشەممە لە مزگەوتی لوسێل نوێژەبارانە ئەنجام دەدات.
لای خۆشییەوە مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران ئاماژەی بەوەداوە كە ئەگەر تا كۆتایی ئەم مانگە باران نەبارێت، ناچار دەبن بەشێك لە تاران چۆڵ بكەن، بەردەوامیش داوا لە هاووڵاتییان دەكات رێژەی بەكارهێنانی ئاو كەم بكەنەوە بەتایبەت لە تارانی پایتەخت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.