دەرگای بنکەکانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕووی هاووڵاتییاندا کرایەوە و زیاتر لە 20 ملیۆن هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە.
کاتژمێر 7ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەستی پێ کرد و تا کاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
بە پێی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق زیاتر لە 29 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرانسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە کە لەو ژمارەیەش 20 ملیۆن و 90 هەزار و 311 هاووڵاتی کە 2 ملیۆن و 800 هەزار کەسیان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن کارتی دەنگدانیان وەرگرتووە و مافی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەیان هەیە.
دەنگدان لە 18 بازنە بەڕێوە دەچێت و 8 هەزار و 703 بنکە کە بە گشتی 39 هەزار و 285 وێستگەی دەنگدان لە خۆ دەگرن بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئامادە کراون. لەم 18 بازنەیە سێ بازنە لە هەرێمی کوردستان و 15 بازنەش بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقن.
هەرێمی کوردستان لەم سێ بازنەیە خاوەنی 46 کوردسیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و دەنگدەرانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش لە بازنەکانی نەینەوا، کەرکووک، سەلاحەدین، دیالە و کوردانی فەیلی لە بەغداش دەتوانن چەند کورسیی دیکە بۆ کورد بەدەست بێنن.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 329 کورسیی هەیە کە لەم ژمارەیە 83 کورسی بۆ ژنان، 5 کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و هەر یەک لە کوردانی ئێزدی، شەبەک و فەیلی وباوەڕمەندانی سابیئەی مەنداییش کورسییەکیان دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.