پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە هەڵەبجە توانییان سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە تۆمەتبارن بە دزینی دوو ماتۆڕسکیل لە ماوەی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەدا. تۆمەتبارەکان دانیشتووی دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە توانرا سێ تۆمەتبار دەستگیر بکرێن بە تۆمەتی دزینی دوو ماتۆڕسکیل لە نێو شاری هەڵەبجە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەدا.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی سکاڵایان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمار کرد کە ماتۆڕسکیلەکانیان دزراوە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەستی پێ کرد.
پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، بەهۆی لێکۆڵینەوەکانەوە توانرا سێ تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. د. ئ) تەمەن 16 ساڵ، (ه. ه. ئ) تەمەن 16 ساڵ، و (ی. س. خ) تەمەن 17 ساڵ بە بڕیاری دادوەر دەستگیر بکرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا کە تۆمەتبارەکان دانیشتووی دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن و لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. لە ئێستادا بەپێی ماددەی 446ی یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.