سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی 2025ی عێراق ئاشكرای كرد، رۆژی هەڵبژاردن هیچ جۆرە قەدەغەیەكی هاتوچۆ لەناو پارێزگا و هەروەها لەنێوان پارێزگاكانیش راناگەیەنرێت.
فەریق روكن قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكان و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پاراستنی بنكە و سندووقەكانی هەڵبژاردن تەواو كراون و هێزە ئەمنییەكان رۆژی 6 مانگ دەكەونە حاڵەتی تەواوی ئامادەباشییەوە.
راشیگەیاند: هیچ جۆرە قەدەغەیەكی هاتوچۆ لەناوخۆی پارێزگا و لەنێوان پارێزگاكانیش راناگەیەنرێت، مەگەر حاڵەتێكی لەناكاو بێتە پێشەوە.
هەروەها رایگەیاند: قەدەغەی هاتوچۆ تەنیا لە حاڵەتی پێویستی زۆر تایبەت رادەگەیەنرێت، ئێستاش هێزە ئەمنییەكان ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ پاراستنی دەنگدەران و كاندیدان و كارمەندانی كۆمیسیۆن، بۆیە پێویست بە هیچ قەدەغەیەكی هاتوچۆ ناكات.
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوەش دا كە ئامانجی سەرەكی هێزە ئەمنییەكان پاراستنی بنكەكان و دابینكردنی كەشێكی ئارامە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئازادانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.