وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاوی باران و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو، چوار پڕۆژەی نوێی ئاوەڕۆی سندووقی لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر جێبەجێ دەکەن.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاوی زیادە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر، چوار پڕۆژەی نوێی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر دروست دەکرێن.
پڕۆژەکان بریتین لە:
1- دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە گەڕەکی فەرمانبەران، نزیک مزگەوتی فەرمانبەران.
2- دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە شەقامی کەرکووک، نزیک شوقەکانی شەهیدانی گردەڕەشە.
3- دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی، بە قەبارە ( 2،5- 2،5) لە گەڕەکی ژیان و خانووەکانی شەیدان بە درێژایی 4 کم.
4- دروستكردنی ئاوەڕۆ لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور.
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لەم پڕۆژانە، لە ئێستادا چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری وەک قیرتاوکردن و دروستکردنی شەقام لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.