Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 05:51

حەج و عومڕەی کوردستان هاووڵاتیيان ئاگادار دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

 گوتەبێژی فەرمی حەج و عومڕەی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پاش کۆتاییهاتنی پرۆسەی ناونووسینی حاجیان، ئێستا دەستیان کردووە بە وردبینیکردن لە داواکارییەکان و تاوەکو ئێستا  6556 کەس نامەیان بۆ چووە و ئاگادار کراونەتەوە کە پێویستە زانیارییەکانیان راست بکەنەوە، بەداخەوە تاوەکو ئێستا وەکو پێویست خەڵک نامەکانیان نەکردووتەوە و زانیارییەکانیان ڕاست نەکردووتەوە.

کاروان ستوونی هەروەها گوتی: داواکارین لەو کەسانەی نامەیان پێگەیشتووە بەرێگەی نامەی مۆبایل یان وەتسئاپ یان ڤایبەر بە زووترین کات زانیارییەکانیان دروست بکەن و کەموکوڕی فۆرمەکانیان راست بکەنەوە، چونکە ئەگەر بەمشێوەیە بمێننەوە ئەوا مافی بەشداریکردن لە تیروپشکی ناوی حاجیانیان نابێت.

سەبارەت بە کاتی بەرێوەچوونی تیروپشکی حاجیان، کاروان ستوونی گوتەبێژی فەرمی حەج و عومڕەی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو: ئێستا خەریکی پرۆسەی وردبینکردنی ناوی حاجیان و لە کۆی 59389 فۆرم 46507 فۆرم بە تەواوی وردبیینیان بۆ کراوه‌ و ئامادەن بۆ تیروپشک و گوتیشی لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەی وردبینیکردنی فۆرمەکان بە کۆتایی دێت و دواتریش قوناغی بەراورد کاری ناوی حاجیان دەستپێدەکات.

 راشیگه‌یاند: هەر کەسێک پێشووتر وەکو هاووڵاتيی حەجی کرد بێت ئەوا مافی نابێت جارێکی دیکە حەج بکات و دەرفەتەکە بۆ هاووڵاتییانی دیکە دەبێت کە تاوەکو ئێستا حەجیان نەکردووە ئەمەیش لەسەر بنەمای یەکسانی و پەیرەوکردنی دادپەروەری لەنێوان هەموو هاووڵاتییانی کوردستان بەبێ جیاوازی.

 گوتەبێژی فەرمی حەج و عومڕەی کوردستان ئاشكراشى كرد: بە ئەگەری زۆرەوە لەم مانگەدا تیروپشکی ناوی حاجیان ئەنجام دەدەین.

ئەوە بۆ یەکەمینجاره‌ لە کوردستان بە سیستمێکی دیجیتاڵی ناوی حاجیان تۆمار دەکرێت کە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو کۆتایی هات و ئەم هەنگاوەیش یەکێک بووە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و ئەنجامدانی ئاسانکاری بۆ حاجیان و کە ئەم کارەش بە پاڵپشتی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی  د. پشتیوان سادق خرايه‌ بواری جێبه‌جێكردن کە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بەم کارەیە هەڵساون.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.