کاروانی دووەمی نەخۆشانی تالاسیمیا ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران و وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش دەڵێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی سێیەمیش ڕەوانە دەکرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاروانی دووەمی نەخۆشانی تالاسیمیا کە ژمارەیان 40 هاووڵاتییە، بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی مووخی ئێسک، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
پڕۆسەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەچوو و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە سەرپەرشتی کرا. ئەم کاروانە جگە لە نەخۆشەکان، بەخشەرانی مووخی ئێسک و هاوەڵەکانیشیان لەخۆگرتبوو.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی خەرجییەکانی گەشتەکە، لە چوون و هاتنەوە، مانەوە، پشکنینەکان، نەشتەرگەری و چارەسەرییەکان گرتووەتە ئەستۆ. ئەمەش لە چوارچێوەی بودجەیەکی تایبەت دێت کە بۆ ناردنی 140 تووشبووی تالاسیمیا دابینکراوە و بڕەکەی نزیکەی 11 ملیار دینارە.
نەخۆشەکان و بەخشەرەکانیان دوای پشکنینی پزیشکی و ئامادەکاریی زانستی، بۆ ژمارەیەک نەخۆشخانەی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتی (JCI) نێردران.
لە ئێستادا، 72 هاوڵاتی دیکە لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی وڵات لەژێر چارەسەردان و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی سێیەمیش بۆ هەمان مەبەست بەڕێبکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.