Erbil 31°C پێنجشەممە 02 تەمووز 02:33

حزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک لەسەر چۆنێتیی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕێک کەوتن

کوردستان TV
100%

حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە شاری کەرکووک کۆ بوونەوە و لەسەر کۆمەڵێک خاڵی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ڕێک کەوتن.

ئەمڕۆ سێشەممە 30ێ ئەیلوولی 2025، حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە بارەگای مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعیی کوردستان کۆبوونەوە و پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و چۆنێتیی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنیان تاوتوێ کرد و لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێک کەوتن.

لەم کۆبوونەوەیەدا حزب و لایەنە سیاسییەکان ڕێک کەوتن لەسەر ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی شارستانییانە و هێمنانە و لەسەرخۆ و دوور لە ورووژاندن و ناشیرینکردنی یەکتری بەڕێوە بچێت و پاراستنی سەقامگیریی شارەکە و سەلامەتیی گیان و ژیانی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لە سەر قووڵکردنەوەی گیانی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە کردەوە و داوایان لە دەنگدەران کرد لە هەر شوێنێک هەن و کەرکووکین، خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە بکەن.

حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک داوایان لە ئیدارەی کەرکووک کرد خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەم شارە، شایستەی خزمەتکردنی زیاترن.

لە دوای کۆبوونەوەکە محەممەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان تیڤیی ڕاگەیاند تا ئێستا بڕیارە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت. گوتیشی هەڵبژاردن لە کەرکووک گرینگە و یەکلاکەرەوەیە بۆ کەیسی کەرکووک؛ بۆیە داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکەین لە هەر شوێنێکن بەشداری بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد"خەڵکێکی زۆرمان لە دەرەوەی کەرکووکە، کوردی کەرکووک وەک ئاردی ناو دڕکی لێ هاتووە، لە خانەقین و کەلارەوە بگرە هەتا زاخۆ خەڵکمان هەیە کە ئاوارە بووە و هەرکەسەی بە هۆکارێک ئاوارە بووە. داوایان لێ دەکەین ڕۆژی هەڵبژاردن بەشدار بن". محەممەد کەمال هیواشی خواست یاری بە دەنگەکان نەکرێت و هەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوە بچێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.