سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، وەڵامی هەڕەشەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە و ڕایگەیاند، عێراق سەرکەوتوو بووە لە خۆبەدوورگرتن لە تێوەگلانی سەربازی و نیگەران نییە، چونکە حەشدی شەعبی دەزگایەکی ئەمنییە و هەواڵگریی هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، وەڵامی هەڕەشەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە کە باسی لە بەئامانجگرتنی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان کردبوو.
لەمیانی کۆڕێکی گفتوگۆییدا لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، فالح فەیاز ڕایگەیاند، "نەتەنیاهۆ هەموو هێڵە سوور و بەها مرۆییەکانی بەزاندووە و ئیسرائیل دان بە یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی و سنووری سەروەریی وڵاتاندا نانێت".
گوتیشی: "ئەم هەڵوێستە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و وڵاتانی دیکە".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "نیگەرانییەکی هەرێمی لە هەڕەشەکان هەیە، بەڵام نیگەرانییەکی تایبەت بە عێراق بوونی نییە"، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بە گوتەی ئەو "حەشدی شەعبی دەزگایەکی ئەمنییە و هەواڵگریی هەیە".
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی جەختی لەوە کردەوە، عێراق سەرکەوتوو بووە لە خۆبەدوورگرتن لە تێوەگلانی سەربازی لە ململانێکاندا و گوتی: "ئەمە پێویستی بە دانایی، لەسەرخۆیی و ئارامگرتن هەبوو".
لەبارەی بوونی سەربازیی ئەمریکاوە، فالح فەیاز جەختی لە "کۆتاییهاتنی بوونی ئەمریکا لە بەغدا و ناوچە فیدراڵییەکان" کردەوە و ڕەتیکردەوە کشانەوەکە پێشەکییەک بێت بۆ گرژی و پەرەسەندنی ئەمریکی دژی عێراق.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ هەینی لە گوتارەکەیدا لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاندبوو: "نیوەی سەرکردایەتیی حوسییەکان لەناوچوون، یەحیا سنوار لە غەزە کوژرا و میلیشیاکانی عێراق و سەرکردەکانیان تۆقیون. ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، ئەوانیش لەناودەبرێن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.