لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان درا.
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە بەغدا پێی راگەیاندین: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق (كە تا ئێستا بەردەوامی هەیە)، بە تێكڕای دەنگ بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان درا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق راسپێردرا بە زووترین كات دەست بە رێكارەكانی تەمویلكردنی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكات.
ئەمە لەكاتێكدایە كە لە رۆژانی رابردوودا رێككەوتن لەسەر دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان كرابوو.
جگە لەوەش لە چەند رۆژی رابردوو لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان شاندی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر داهاتە نانەوتییەكان كرابوو و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی كەمی داهاتوودا رێككەوتنەكە لەنێوان هەردوولا رابگەیەنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.