حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی پشتێنەی سەوزاییی هەولێرـی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تێیدا حەوت ملیۆن داری زەیتوون و فستق لە دەوروبەری پایتەخت دەچێندرێن. پڕۆژەکە جگە لە زیادکردنی رووبەری سەوزایی و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، سەدان هەلی کاریش دەڕەخسێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی ئەیلوول، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەنگاوە ستراتیژییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزاییی هەولێر دەستی پێ کردووە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، پڕۆژەکە بەشێکە لە ماستەرپلانی شاری هەولێر و بە شێوەیەکی بازنەیی لە دەرەوەی شەقامی 150 مەتری جێبەجێ دەکرێت. لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، حەوت ملیۆن داری زەیتوون و فستق لەسەر رووبەری دوو کیلۆمەتر پانتایی دەچێندرێن. بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستیش، 10 پۆندی گلدانەوەی ئاو لەناو پڕۆژەکەدا دروست دەکرێن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، پڕۆژەکە ساڵانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی 140 بۆ 210 هەزار تۆن گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن، کە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر پاکبوونەوەی کەشوهەوای شارەکە دەبێت. هاوکات، مەترسییەکانی بەبیابانبوون و خۆڵبارین کەمدەکاتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزێنێت.
هەروەها، لە رووی ئابوورییەوە، پڕۆژەکە سەدان هەلی کار بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت و بە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، پشتیوانی لە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.