بەرپرسێکی رووسیا رایگەیاند، ئێوارهی ئهمرۆ شەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی بە یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوت لە ناوەڕاستی رووسیا کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە ئاگرکەوتەوە و زیانێکی کەمی لێکەوتەوە.
ئاژانسی ههوالی جیهانی "فرانس پرێس" له راپۆرتێكدا دهڵێت: کۆمپلێکسی پاڵاوگەکە خاوەندارێتی کۆمپانیای نەوتی باشنەفتی رووسییە و دەکەوێتە نزیک شاری ئوفا لە ناوەڕاستی رووسیا و نزیکەی هەزار و 400 کیلۆمەتر لە هێڵی پێشەوەی ئۆکراینا دوورە.
بهرپرسانی ههواڵگریی رووسیا رایانگهیاندووه: بهپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەرەو کۆمپلێکسەکە دەڕوات پێش ئەوەی بتەقێتەوە و بگۆڕێت بۆ تۆپی ئاگرین.

لای خۆیهوه، ڕادێ خابیرۆڤ، پارێزگاری هەرێمی باشکۆرتستان له رووسیا لە رێگەی تێلێگرامەوە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە لایەن تیرۆریستانەوە هێرش کرایە سەر دامەزراوەی باشنەفت بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئاگرەکە کەوتەوە و لە ئێستادا خەریکە دەکوژێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کەوتۆتە سەر کۆمپلێکسەکە، فڕۆکەیەکی دیکەش خراوەتە خوارەوە.
لە ماوهی شهڕی رووسیا و ئۆکراینا چهندین جار ئۆكراینا وەڵامی هێرشهكانی رووسیای داوەتەوە و پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیای كردووهته ئامانج، ئهمهش لە هەوڵێکدا بۆ سنووردارکردنی توانای کرێملین بۆ دابینکردنی دارایی شەڕەکە.
لە ساڵی 2016 کرێملین کۆمپلێکسی ئوفای بە "یەکێک لە گەورەترین کۆمپلێکسەکانی وڵات" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە 150 جۆر بەرهەمی نەوتی بەرهەم دەهێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.