Erbil 31°C دووشەممە 13 تەمووز 19:06

سه‌رۆكوه‌زیرانی كاتیی نیپاڵ سه‌ردانی برینداره‌كانی خۆپێشاندانه‌كان ده‌كات  

کوردستان TV
100%

سوشیلا کارکی سەرۆک وەزیرانی كاتیی نیپاڵ ئه‌مرۆ شەممە یەکەم بەشداریکردنی گشتیی خۆی تەرخان کرد بۆ سەردانیکردنی ئەو کەسانەی کە بریندار بوون لەو نا ئارامییە کوشندەیەی کە هه‌فته‌یه‌كه‌ وڵاتەکەی گرتووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ هۆی گۆڕانكاری له‌ سیسته‌می حكوومڕانی نیپاڵ.

سوشیلا کارکی، كه‌ سه‌رۆكی پێشووی دادوه‌ری بوو له‌ نیپاڵ ڕۆژێک دوای ئەوەی راسپێردرا بۆ سەرکردایەتی کردنی وڵاته‌كه‌ی تا كاتی هەڵبژاردنەکان، سه‌ردانی برینداره‌كان و شوێنه‌ رووخاوه‌كانی كرد بۆ مه‌به‌ستی دڵنه‌وایی.

 

ئاژانسی هه‌واڵی "فرانس پرێس" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، لە شاری کاتماندۆی پایتەخت کە بەرە بەرە ژیان ئاسایی دەبێتەوە، کارکی سەردانی چەندین نەخۆشخانەی کرد و لەوێ سەردانی قوربانیانی ئەو سەرکوتکردنەی کرد کە لەلایەن "کەی پی شارما ئۆلی" سەرۆکی پێش خۆیەوە فەرمانی پێکرابوو، کە ناچاربوو دەست لەکاربکێشێتەوە.  

پایتەختی نیپاڵ له‌ رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی هه‌فته‌ی رابردوو شایەتی ناڕەزایەتی و تووندوتیژی سه‌خت بوو دژ بە حکوومەت بوو و بەپێی دوایین ئاماری پۆلیس، لانیکەم 51 کەس کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون.

ئەم ناڕەزایەتیانە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ساڵی 2008 بە جددیترین ناڕەزایەتی دادەنرێت.

 

سوشیلا کارکی، سەرۆکی پێشووی دادگای باڵا، تەمەن 73 ساڵ، وەک سەرۆکی حکوومەتی کاتی سوێندی یاسایی خوارد، دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی دوای سێ رۆژ گفتوگۆکردن راسپێردرا.

راستەوخۆ دوای دەستبەکاربوونی، سەرۆک ڕام چاندرە پودێل پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و داوای هەڵبژاردنی یاسادانانی کرد لە 5ی ئازاری 2026، وەک ئەوەی گەنجانی ناڕازی داوایان دەکرد.

سەرۆکوەزیرانی نوێ کارنامەی خۆی ده‌خاته‌ڕوو لەبەر رۆشنایی داواکارییە زۆرەکانی ئەو خۆپیشاندەرانە کە حکوومەتی پێشوویان هێنایە خوارەوە، رووبەڕووی ئەرکێکی قورس دەبێتەوە.

 

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، نیپاڵییه‌كان هیوایه‌كی زۆریان له‌سه‌ر سوشیلا كاركی هه‌ڵچنیووه‌ كه‌ وڵات به‌ره‌و سه‌قامگیریی ئابووری و سیاسی ببات له‌ داهاتوودا.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.