Erbil 31°C چوارشەممە 10 حوزەیران 22:06

رۆژانە زیاتر لە 5 حاڵەتی هەوڵدان بۆ خۆكوشتن لە عێراق تۆمار دەكرێن

کوردستان TV
100%

ئامارەكان لە عێراقەوە شۆكهێنەرن و دەری دەخەن كە هەموو رۆژێك زیاتر لە 5 حاڵەتی هەوڵدان بۆ خۆكوشتن لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور روودەدەن، لەوەش شۆكتر ئەوەیە كە بەشێك لەوانەی هەوڵی خۆكوشتن دەدەن چینی منداڵانن.

فەوزی ئەكرەم پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بۆ ماڵپەڕی (عێراق ئەلیەوەم) گوتوویەتی: ئامارەكانی هەوڵدان بۆ خۆكوشتن لە عێراق بەردەوام روو لە بەرزبوونەوەیە و ئێستا هەموو رۆژێك بەلایەنی كەم 5 حاڵەت لە پارێزگاكان تۆمار دەكرێن.

پەرلەمانتارەكەی پێشووی عێراق هەروەها گوتوویەتی: 70%ی ئەوانەی هەوڵی خۆكوشتن دەدەن گەنجن و تەمەنیان لە خوارووی 30 ساڵەوەیە، واتە ئەوانەی لە دوای ساڵەكانی 2003 لەدایكبوون كە بەدەست قەیرانەكانی ناسەقامگیری ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و كەمی هەلی كار و هەژاری و خراپی گوزەرانی ژیان دەناڵێنن.

فەوزی ئەكرەم ئاماژە بەوەش دەكات: هەوڵەكان بۆ خۆكوشتن بەداخەوە خەریكە دەبێتە دیاردە و بەتایبەت كە ئێستا بەشێك لە منداڵانیش پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن، بەڵام بەشێك لەوان لە دوایین چركەساتەكاندا رزگار دەكرێن.

دەشڵێت: هۆكارەكانی هەوڵدان بۆ خۆكوشتن زۆرن، لەوانە كێشەی كۆمەڵایەتی، خەمۆكی، هەژاری، بێكاری، پاڵەپەستۆی خوێندن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و چەندانی دیكە.

پەرلەمانتارەكەی پێشووی عێراق داواشی لە حكوومەتی عێراق كرد بەپەلە لیژنەیەكی نیشتمانی لە پسپۆڕانی زانستی كۆمەڵایەتی و دەروونی و مامۆستایانی زانكۆ پێكبهێنێت بەمەبەستی دانانی ستراتیژییەك بۆ رێگریكردن لە زیادبوونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن.

ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەكان رێژەی بێكاری لەنێو گەنجانی عێراق لە ئاستێكی بەرزدایە و گەیشتۆتە 27% و رێژەی هەژاریش لەنێو هاووڵاتییان بەردەوام روو لە بەرزبوونەوەدایە.

شێوازی ژیان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.