Erbil 31°C سێشەممە 08 ئەیلوول 17:32

سمیناری وەبەرهێنان لە کوردستان لە دوبەی بەڕێوە دەچێت

کوردستان TV
100%

سمینارێکی تایبەت بە وەبەرهێنان لە کوردستان لە شاری دوبەی بەڕێوە دەچێت و نزیک 40 کۆمپانیای ئیماراتی لە بەشە سەرەکییەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و وزەی نوێ لە سمینارەدا بەشدارن.

ڕۆژی چوارشەممە 10ـی ئەیلووی 2025، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بە پاڵپشتیی ڕێکخراوی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) و لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی لە نێوان دەستەی وەبەرهێنان و ئەم ڕێکخراوەیەدا واژۆ کراوە، سمینارێکی تایبەت بە وەبەرهێنان لە کوردستان بە بەشداریی کۆمپانیاکانی ئیمارات، لە شاری دوبەی بەڕێوە دەچێت.

دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش کردووە ئامانجی سەرەکیی ئەم سمینارە، ئاشناکردنی وەبەرهێنەرانی ئیمارات بە ژینگەی وەبەرهێنان و دەرفەتەکانی هەرێمی کوردستان و هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستانە.

بەرنامەی کاری سمینارەکە بریتییە لە پێشکەشکردنی بابەتێک لەسەر سێکتەرە سەرەکییەکانی کوردستان و کۆبوونەوەیەکی کراوە لەگەڵ کۆمپانیا ئیماراتییەکان. نزیک 40 کۆمپانیای ئیماراتی لەم سمینارەدا بەشدار دەبن و ماوەی سمینارەکەش یەک ڕۆژە.

بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، کە بە نوێنەرایەتیی کوردستان لەم سمینارە بەشدارە بە کوردستان تیڤیی ڕاگەیاند: پەیوەندیی ئابووریی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەی پێشتر سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی ئیمارات و بە تایبەت لەگەڵ حاکمی دوبەی و سەرۆکی ئیمارات هەیبووە و ئەمەش بووەتە هاوکار کە کوردستان و ئیمارات بتوانن ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەیوەندییەکانیان پتەوتر بکەن.

بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی سەرۆکی حکوومەت ڕایسپاردووە هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ئیمارات لە کوردستان بکرێت و ئێستا  8 پڕۆژەی نشتەجێبوون و گەشتیاری و کشتوکاڵ لە لایەن کۆمپانیا ئیماراتییەکانەوە لە کوردستان مۆڵەتیان وەرگرتووە و بڕیارە چەندین کۆمپانیای دیکەی ئەم وڵاتەش بێنە هەرێمی کوردستان و بە سەدان ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.