شەوی ڕابردوو درۆنەکانی ڕووسیا سنووری ئاسمانی پۆلۆنیایان بەزاند و بەم هۆیەشەوە چوار فڕۆکەخانەی ئەم وڵاتە داخران. لە بەرانبەردا فڕۆکە جەنگییەکانی پۆلۆنیا و ناتۆ کەوتنە ئامادەباشییەوە و درۆنەکانی ڕووسیایان خستە خوارەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025، سوپای پۆلۆنیا ڕایگەیاند فرۆکە شەڕکەرەکانی ئەم وڵاتە، بە هاوکاریی هاوپەیمانانیان لە ناتۆ بۆ یەکەمجار کۆمەڵێک درۆنی هێرشبەریان خستە خوارەوە کە لە کاتی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئوکراینا، سنووری ئاسمانی پۆلۆنیایان بەزاندبوو.
ڤلادیساک کۆسینیاک کامیش، وەزیری بەرگریی پۆلۆنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی "فڕۆکە شەرەکەرەکانمان تەقەیان لە درۆنە هێرشبەرەکان کرد و ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ فەرماندەیی ناتۆ لە پەیوەندیداین".
ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پۆلۆنیاش ڕایگەیاند، شەش درۆنی نەناسراو سنووری ئاسمانی پۆلۆنیایان بەزاندووە و ژمارەیەکیان خراونەتە خوارەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم کارەی ڕووسیا دەستدرێژییە و ئاساشی هاووڵاتییانی پۆلۆنیای خستووەتە مەترسییەوە.
بەزاندنی ئاسمانی پۆلۆنیا لە کاتێکدا بوو کە شەوی ڕابردوو رووسیا هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ئۆکراینا و یەک لەوانیش شاری لێڤیۆ لە نزیک سنووری پۆلۆنیا.
خستنە خوارەوەی درۆنەکانی ڕووسیا لە لایەن هێزی ئاسمانیی پۆلۆنیاوە، یەکەم کرداری سەربازیی هێزەکانی ناتۆ لە دژی رووسیا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022 بووە.
بە گوێرەی پەیماننامەی ناتۆ، هێرش بۆ سەر هەر ئەندامێکی ناتۆ، هێرش بۆ سەر سەرجەم ئەندامانی ناتۆیە و هەر بۆیەش هەموو ئەندامان و یەک لەوانیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێ بەرگری لەو ئەندامە بکەن کە هێرشی کراوەتە سەر.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.