میدیاكانی ئیسڕائیل بەشێك لە زانیارییەكانیان سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمڕۆی وڵاتەكەیان بۆ سەر دۆحەی پایتەختی قەتەڕ بڵاو كردووەتەوە.
رۆژنامەی (جیرۆزالم پۆست) بڵاوی كردۆتەوە: چەند رۆژێك پێش ئێستا لەلایەن قەتەڕییەكانەوە، پێشنیارێكی نوێی ستیف ویتكۆف نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا گەیەنراوەتە شاندی دانوستانكاری بزووتنەوەی حەماس لەبارەی هەوڵەكان بۆ ئازادكردنی بارمتەكان و راگرتنی جەنگی غەزە.
شاندی دانوستانكاری بزووتنەوەی حەماس دوێنێ دووشەممە كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی قەتەڕ ئەنجامداوە، لە كۆبوونەوە بڕیاردراوە ئەمڕۆ سێشەممەش كۆبوونەوەكان بەردەوامییان هەبێت هەر سەبارەت بە پێشنیارە نوێیەكەی نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ.
دوای گەیشتنی زانیارییەكان سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، ژووری ئۆپڕاسیۆنەكانی هەواڵگریی ئیسرائیل (شاباك) بڕیار دەدات بۆردومانی شوێنی كۆبوونەوەكە بكرێت.
لە كاتی ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنەكە، لە ژووری عەمەلیات هەریەك لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل، یسڕائیل كاتس وەزیری بەرگریی، شلوومی بیندەر سەرۆكی هەواڵگری سەربازی و سەرۆكی شاباك و جێگرەكەی و سەرۆكی ئەركانی سوپا و فەرماندەی چەكی ئاسمانی ئیسڕائیل ئامادەبوونە.
هێرشەكە بەمشێوەیە ئەنجامدراوە:-
- 15 فڕۆكەی جەنگی بەشدارییان لە ئۆپەڕاسیۆنەكە كردووە
- فڕۆكەكان لە ماوەی چەند چركەیەكدا 10 مووشەكیان ئاراستەی شوێنی كۆبوونەوەكە كردووە
- سەرجەم مووشەكەكان ئاراستەی یەك شوێن كراوە
- فڕۆكەكان لە ئاسماندا سووتەمەنییان تێكراوەتەوە
- دوای هێرشەكەش، سەرجەم فڕۆكەكان بە سەلامەتی گەیشتوونەتەوە ئیسڕائیل
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.