Erbil 31°C شەممە 01 ئاب 03:58

قەتەڕ سەركۆنەی هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسڕائیل بۆ سەر دۆحە دەكات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ سەركۆنەی هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمڕۆی ئیسڕائیل بۆ سەر پایتەختی وڵاتەكەی دەكات كە بەهۆیەوە چەند فەرماندەیەكی باڵای بزووتنەوەی حەماس كراونەتە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێت: قەتەڕ سەركۆنەی هێرشە ترسنۆكەكەی ئەمڕۆی ئیسڕائیل دەكات كە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون كراوەتە ئامانج كە بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس تێیدا دەمانەوە.

لە بەیاننامەكەدا هەروەها هاتووە: ئەم هێرشە پێشێلكاری سەرجەم یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانە، هەروەها هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری قەتەڕ و ئەوانەی لەو وڵاتەدا دەژین.

ئاماژە بەوەشدراوە: هێزە ئەمنییەكان و بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندارەكان راستەوخۆ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و كاری پێویستیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە و سەلامەتی ناوچەكانی دەوروبەری رووداوەكە ئەنجامداوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆكە ئیسڕائیلییەكان لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە، بۆردومانی باڵەخانەیەكیان لە ناوەڕاستی دۆحەی پایتەختی قەتەڕ كرد.

كەناڵی 14ی ئیسڕائیل لەسەر زاری بەرپرسێكی وڵاتەكەی بڵاوی كردەوە: لە هێرشكەدا چەند بەرپرس و فەرماندەیەكی باڵای بزووتنەوەی حەماس كراونەتە ئامانج.

بڵاویشی كردەوە: دوو لەو فەرماندانەی حەماس كە لە هێرشەكەدا كوژراون بریتین لە خەلیل ئەلحەیە و زاهر جەبارین.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.