ئاژانسی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، داواکارییەکانی پەنابەری بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 23% کەمیکردووە. هۆکارە سەرەکییەکەشی بۆ دابەزینی ژمارەی پەنابەرانی سووری بە رێژەی 66% دەگەڕێنێتەوە، کە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد روویداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، داواکارییەکانی وەرگرتنی پەنابەری لە یەکێتیی ئەوروپا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025 ـدا بە رێژەی 23% دابەزیوە، کە هۆکارە سەرەکییەکەی کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی ئەو سوورییانەیە کە داوای پاراستن دەکەن.
داتاکانی ئاژانسەکە دەریانخستووە، سوورییەکان نزیکەی 25 هەزار داواکارییان لە 27 وڵاتی یەکێتییەکە و سویسرا و نەرویج کە بە(EU+) ناسراوە پێشکەش کردووە، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، دابەزینێکە بە رێژەی 66%.
ئاژانسەکە لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە: "ئەم دابەزینە بەرچاوە پەیوەندیی بە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە نییە"، بەڵکو هۆکارەکەی بۆ رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا گەڕاندووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "لەکاتێکدا دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا بانگەشە بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە دەکەن، زۆرێک لە ئاوارە سوورییەکان هیوایەکی زیاتریان بە گەڕانەوە و بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکانیان هەیە".
بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەوە، سوورییەکان کە پێشتر زۆرینەی داواکارانی پەنابەرییان پێکدەهێنا، ئێستا بوونەتە سێیەم گەورەترین گرووپ، دوای ڤەنزوێلی و ئەفغانییەکان. هاوکات، فەرەنسا و ئیسپانیا جێگەی ئەڵمانیایان وەک ئاراستەی سەرەکیی پەناخوازان گرتووەتەوە.
بە گشتی، وڵاتانی "یەکێتیی ئەوروپا+" لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 399 هەزار داواکاریی پەنابەرییان پێ گەیشتووە. ڤەنزوێلییەکان، کە وڵاتەکەیان بەدەست نائارامیی ئابووری و سیاسییەوە دەناڵێنێت، 49 هەزار داواکارییان پێشکەش کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.