Erbil 31°C دووشەممە 07 ئەیلوول 15:07

مووچەی عێراق مانشێتە و مووچەی هەرێم بێدەنگی، پارادۆکسی دوو پێوەرەکەی بەغدا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، د. خالیدە خەلیل گوتەبێژی بارەگای بارزانی لەسەر کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چیرۆکێکی کۆن و بەردەوامە، بەڵام کاردانەوە جیاوازەکانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و ڕای گشتی عێراقی، پرسیار گەلێکی جدی سەبارەت بە دادپەروەری و یەکسانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتیاندا دروست دەکات، لەکاتێکدا فەرمانبەرانی کوردستان بەردەوام ڕووبەڕووی بێدەنگی و پشتگوێخستن دەبنەوە لەلایەن بەغداوە سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەکانیان، تەنها چەند ڕۆژێک دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان لە بەغدا دەبێتە مانشێتی گەورە و کاردانەوەی توندی بەدواوە دێت.

 

پارادۆکسێکی ئاشکرا:

ئەم دۆخە، پارادۆکسێکی ئاشکرایە و ڕادەی دووفاقییەتی و لۆژیکی "دوو پێوەر" لە مامەڵەکردنەکاندا دەردەخات. فەرمانبەرانی هەرێم، کە وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە خێزان و پابەندبوون و بارگرانی ژیانی ڕۆژانەیان هەیە، چەندین مانگە بەبێ مووچە دەژین و کەس لە بەغدا دەنگی ناڕەزایەتی بەرز ناکاتەوە، بەڵام کاتێک قەیرانێکی چەند ڕۆژە مووچەی خانەنشینانی بەغدا دەگرێتەوە، "مانشێتی گەورە و لێدوانی بەرز و سەرکۆنەی یەک لە دوای یەکمان" بەدی دەکرێت، بگرە بابەتەکە دەبێتە جێگەی سەرنجی ڕای گشتی.

 

مووچە مافێکی سروشتی و قوربانییەکی سیاسی:

 

هەرچەندە نادادپەروەرییەکە ئاشکرایە، بەڵام هاووڵاتیانی کوردستان لەگەڵ بڕینی ڕۆزیی هیچ هاووڵاتییەکدا نین، چونکە مووچە مافێکی سروشتییە و نابێت پێشێل بکرێت، بە تایبەتی خانەنشینان کە تەمەنیان بە خزمەتکردنی وڵاتەکەیان بەسەر بردووە، بەڵام ئەمە دووفاقی ئەو عەقڵیەتە دەردەخات کە بەغدا ساڵانێکە مامەڵەی لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم پێ دەکات.

 

پرسیارە هەڵواسراوەکان و داهاتووی نادیار:

 

هەمووان دەزانن کە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پرسێکی سیاسییە. بەڵام ئەو پرسیارەی کە لە هزردا سەرهەڵدەدات ئەوەیە: سندوقی خانەنشینی بۆچی هەڵوەشایەوە، و پارەکەی بۆ کوێ چوو؟ ئایا بەم زووانە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی عێراقی بەدوادا نایەت؟ ئەوکات دووڕووەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی دواکەوتنێکی مووچەدا دەکەن؟

 

گەلی کورد وەرگێر:

 

بە دڵنیاییەوە گەلی کورد وەک گەلێکی گەورە و خاوەن کەرامەت دەمێنێتەوە. باش دەزانێت کێشەکە لە کوێدایە و ئاگادارە کە دۆزە دادپەروەرانەکەی لە مووچە بەرزترە. هەرچەندە نان دەکرێتە کارتێکی فشاری سیاسی، بەڵام کەرامەت و مافەکانی گەلی کورد هەرگیز سازشیان لەسەر ناکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.