لەلایەن سوپای ئوردنەوە چەند سەربازێكی ئیسڕائیلی دەستگیر دەكرێن دوای ئەوەی سنووری ئەو وڵاتە تێدەپەڕێنن.
رووداوەكە چەند رۆژێك پێش ئێستا روویداوە، لەمبارەیەوە رۆژنامەی (هارتس)ی ئیسڕائیلی ئاماژەی بەوە دەكات كە سەربازە ئیسڕائیلییەكان چەند كاتژمێرێك لەلایەن سوپای ئوردنەوە دەستگیر دەكرێن و دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیان، رەوانەی وڵاتەكەی خۆیان دەكرێنەوە.
بەپێی سەرچاوەكە، سەربازە ئیسڕائیلییەكان بەبێ فەرمان و ئاگاداری گەورەكانیان، ناوچەی سنووری (وادی عەربە)یان بڕیوە و چەند كیلۆمەترێك هاتوونەتە ناو خاكی ئوردنەوە، بەڵام دواتر لەلایەن مەفرەزەیەكی سوپای ئوردنەوە دەستگیركراون.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی ئەوەی لە ناوچەی سنووریی وادی عەربە لەنێوان ئیسڕائیل و ئوردن بەربەستێكی گەورە نییە وەك ئەوەی لە ناوچە سنوورییەكانی لوبنان و سووریا و میسڕ هەیە، سەربازە ئیسڕائیلییەكان بەهەڵە چوونەتە ناو خاكی ئوردنەوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە سەرجەم سەربازە ئیسڕائیلییەكان بەسەلامەتی گەڕێنراونەتەوە وڵاتەكەیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.