سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) هۆشداری داوە لەوەی شەش ملیۆن منداڵی دیکە لە خوێندن بێبەش بکرێن تا کۆتایی ساڵی 2026، بەهۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی هاوکارییە داراییه نێودەوڵەتییەکان بۆ کەرتی پەروەردە، بەمەش کۆی ژمارەی منداڵانی بێبەش لە خوێندن لە سەرانسەری جیهاندا دەگاتە 278 ملیۆن منداڵ.
ئهمڕۆ چوارشهممه ئاژانسی ههواڵی (فرانس پرێس) بڵاوی كردووهتهوه، سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) له ئامارێكدا ئاماژەی بەوە کردووە، هاوکارییەکانی حکوومەتهكان بۆ پەرەپێدانی كهرتی پەروەردە تا ساڵی داهاتوو بە بڕی 3.2 ملیار دۆلار کەم دەبێتەوە، کە بە بەراورد بە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 24% کەمی کردووە.
نزیکەی 80%ی ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەمکردنەوە کە لەلایەن سێ وڵاتەوە راگەیەندراوە كه بریتین له ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا.
ئهوهش هاتووه: ئەگەر ئەم راگەیاندنانە جێبەجێ بکرێن، شەش ملیۆن منداڵی دیکە تا کۆتایی ساڵی 2026 لە خوێندن بێبهش دهبن، کە 30%یان لەو ناوچانە دەژین کە قەیرانی مرۆیییان بەسەردا هاتووە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی یونیسێف: ژمارەی منداڵانی بێبەش لە خوێندن دەگاتە 278 ملیۆن لە سەرانسەری جیهان.
کاترین روسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە: هەر دۆلارێک کە لە خوێندن دەبڕدرێت، تەنها بڕیارێکی بودجە نییە، بەڵکو داهاتووی منداڵ دەخاتە مەترسییەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد "پەروەردە، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانە مرۆییەکاندا، هێلێکی ژیانە، منداڵان بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک تەندروستی، پاراستن و خۆراک دەبەستێتەوە. هەروەها باشترین چانسی دەربازبوون لە هەژاری و بنیاتنانی ژیانێکی باشتر بە منداڵان دەبەخشێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.