Erbil 31°C شەممە 01 ئاب 05:34

بوومەلەرزەیەک رۆژهەڵاتی ئەفغانستانی هەژاند

کوردستان TV
100%

بەهۆی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 پلەی رێختەر لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، لانیکەم 250 کەس گیانیان لەدەستداوە و 500ـی دیکەش بریندارن. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستانیش دەڵێت، بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە، رەنگە ژمارەی قوربانییان زیاتر بێت.

رۆژی دووشەممە 1ـی ئەیلوول، تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی"ـی ئەمریکی رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 پلەی رێختەر لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، لانیکەم 250 کەس گیانیان لەدەستداوە و 500 کەسی دیکەش بریندارن.

دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە دووریی 17 میل لە شاری جەلال ئابادی نزیک سنووری پاکستان روویداوە، کاتەکەی نزیکەی نیوەشەوی یەکشەممە بە کاتی ناوخۆ بووە.

شەرەفات زەمان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی گشتیی ئەفغانستان رایگەیاند: "بەهۆی ئەوەی بوومەلەرزەکە لە ناوچەیەکی شاخاویی دوورەدەست روویداوە، ئەگەری زۆرە کاتی پێ بچێت تاوەکو زانیاریی ورد لەبارەی زیانە گیانییەکان و وێرانکاریی ژێرخانەکە بەدەستبهێنین".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئەفغانستان گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی رزگارکردنمان دەست پێ کردووە و سەدان کەسمان راسپاردووە بۆ یارمەتیدانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان".

نزیکەی 20 خولەک دوای بوومەلەرزە سەرەکییەکە، پاشلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر هەمان پارێزگای هەژاند.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.