بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناو شاری زاخۆ مێرمنداڵێک بە دەمانچە تەقە لە گەنجێکی 23 ساڵان دەکات و دەیکوژێت و پۆلیسی شارەکەش دەڵیت؛ "کێشەکە بەهۆی دوژمندارییەوە بووە".
رۆژی شەممە 30ـی ئاب، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند؛ "بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی کێشەیەکی دوژمنداریی لە ناو شاری زاخۆ، لە گەڕەکی کاوە، گەنجێک بە ناوی "ی.د،ئـ" تەمەن 23 ساڵ لەلایەن مێرمنداڵێک بە ناوی "گ.ئـ.س" بە دەمانچە تەقەی لیکرا و کوژرا".
بەگوێرەی راگەیەنراوی پۆلیس، بکوژەکە دوای تەقەکردنەکە، راستەوخۆ خۆی رادەستی پۆلیسی زاخۆ کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ دەڵێت؛ تیمی بەڵگە و تاوانەکانی بەشی نەهێشتنی تاوان لەگەڵ بەشی فریاکەوتن و بنکەی پۆلیسی دەلال لە زاخۆ لە شوێنی تاوانەکە ئامادە بوون و دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، بە بڕیاری دادوەر، بەگوێرەی یاسای ژمارە 406ـی سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوەیان لە تۆمەتبارەکە دەست پێ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.