وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووشبوویەکی تای خوێنبەربوونی لە پارێزگای دهۆک راگەیاند و دەڵیت؛ "کەسەکە تەمەنی 43 ساڵە و پیشەی قەسابە".
رۆژی شەممە 30ـی ئاب وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە؛ " پیاوێکی دانیشتووی سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک کە تەمەن 43 ساڵە و پیشەی قەسابە، بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵ تووشی تای خوێنبەربوون بووە".
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە؛ "دوای سەردانی تووشبووەکە بۆ نەخۆشخانە و گومانلێکردنی بە تای خوێنبەربوون، رێکارەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەریی پزیشکی گیراوەتەبەر و لە ئێستا دا لەژێر چاودێریی پزیشکییە و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە".
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات رێنماییەکان بۆ دووربوون لە تای خوێنبەربوون رەچاو بکەن و دەشڵێت؛ "لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ئەمساڵدا 9 تووشبووی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و و لەو ژمارەیە دوو کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ئەوانی دیکە چارەسەریان وەرگرتووە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.