لەنێو هۆڵی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی مەكسیك شەڕ لەنێوان سەرۆكی حزبێك و سەرۆكی پەرلەمان دروست بوو بەهۆی كێشە و گفتوگۆیەكی چڕ لەسەر پێشنیاری چوونی هێزەكانی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتە.
لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی رابردووی پەرلەمانی مەكسیك، شەڕ لەنێوان ئەلیخاندرۆ مۆرینۆ سەرۆكی حزبی شۆڕشی ئۆپۆزیسیۆن و جیرارد فرناندێز نۆرونیا سەرۆكی پەرلەمانی مەكسیك دروستبوو.
شەڕەكە لەسەر پێشنیارێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دروستببوو سەبارەت بە ناردنی هێزی ئەمریكا بۆ ناو خاكی مەكسیك بە مەبەستی لەناوبردنی مافیا و باندەكانی مادەی هۆشبەر لەو وڵاتەدا.
جیرارد فرناندێز نۆرونیا سەرۆكی پەرلەمانی مەكسیك پێشوازی لەو پێشنیارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كردبوو، بەڵام ئەلیخاندرۆ مۆرینۆ سەرۆكی حزبی شۆڕش بەهەموو شێوەیەك پێشنیارەكەی رەت كردبووەوە.
لە دانیشتنەكەی پەرلەمان ئەلیخاندرۆ مۆرینۆ چەند جارێك داوای لە سەرۆكی پەرلەمان كردبوو رێگەی پێ بدات قسە بكات، بەڵام سەرۆك داواكەی رەتكردبووەوە، سەرئەنجام شەڕ لەنێوان هەردوولا دروستبوو.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی پەرلەمانی مەكسیك جارێكی دیكە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێشنیاری ناردنی هێزی ئەمریكا بۆ ناو خاكی مەكسیك بۆ لەناوبردنی مافیا و باندەكانی مادەی هۆشبەر كۆببێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.