سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئێران ناتوانێت کاری پشکنەرانی ئاژانس تەنیا بۆ ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە سنووردار بکات کە لەکاتی شەڕدا هێرشیان نەکراوەتە سەر. دەشڵێت، پشکنەرەکانیان دەستیان بە کارەکانیان لە وێستگەی بوشەهر کردووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 27ـی ئابی 2025، رافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، پشکنەرانی ئاژانس دەستیان بە کارەکانیان لە دامەزراوەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران کردووەتەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی پشکنەرانی ئاژانسە بۆ تاران لەدوای ئەو هێرشانەی ئیسرائیل و ئەمریکا کردیانە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە بووە هۆی ئەوەی تاران هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رابگەیێنێت.
رافائێل گروسی گوتی: "ئێران ناتوانێت پشکنەران تەنیا بۆ ئەو دامەزراوانە سنووردار بکات کە لە کاتی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هێرشیان نەکراوەتە سەر".
گروسی ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان لەبارەی پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دیکەی ئێرانەوە بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی خێرا لەوبارەیەوە بەدی نەهاتووە. سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی گوتیشی: "ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆکان بۆ ئەوەی بتوانین سەردانی هەموو شوێنەکان بکەین، بەو شوێنانەشەوە کە زیانیان بەرکەوتووە."
پێشتر رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاندبوو، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چاودێریی گۆڕینی سووتەمەنی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر دەکەن، کە لە هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل پارێزراو بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.